پیێر دی گۆل بۆ کوردستان24: ئێستا کاتی ئەوەیە دۆزی کورد چارەسەر بکرێت و گەشبینم بە داهاتووی کورد

پیێر دی گۆل، نەوەی شارل دی گۆلی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا
پیێر دی گۆل، نەوەی شارل دی گۆلی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا

K24 – رووسیا:

نەوەی شارل دی گۆلی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا تایبەت بۆ کوردستان24ـی رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە دۆزی کورد چارەسەر بکرێت و گەشبینیم بە داهاتوو کورد، ناوبراو گوتیشی: پێویستە خاڵە هاوبەشەکان زیاد بکەین بۆ ئەوەی گەلی کوردیش بەمافە رەواکانی خۆی بگات.

پیێر دی گۆل، نەوەی شارل دی گۆلی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، لە پەراوێزی بیستەمین خولی دیداری ڤاڵدای نێودەوڵەتی لە سۆچی رووسیا، دەڵێت: پێویستە خاڵە هاوبەشەکان زیاد بکەین بۆ ئەوەی گەلی کوردیش بەمافە رەواکانی خۆی بگات.

نەوەی شارل دی گۆلی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کورد نەتەوەیەکە و دەوڵەتی نییە، ئەمەش قبوڵنەکراوە، بەداخەوە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دۆزی کورد بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، هیوادارم لەرێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کولتوور و زمان و بەهاکانیان دۆزی کورد چارەسەر بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "بەلای منەوە بابەتەکە وەک فەرەنسا و جەزائیرە، بەبێ داننان بە ناسنامەی گەلی کورد و مافەکانیدا ئەو دۆزە چارەسەر نابێت، هیوادارم کورد بگاتە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بەڵام جیاوازتر لە فەڵەستینییەکان و ناسنامە و کولتووریان بپارێزرێت و وەک ئامرازێکیش بەکارنەهێنرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی وڵاتێک لە دژی ئەوی دیکە".

پیێر دی گۆل، گوتیشی: پێویستە کورد بەکارنەهێنرێن بۆ پەرەپێدان یان رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئەنگلۆ ساکسن، من گەشبینم، لەوانەیە کاتی بوێت، بەڵام دەبێ ئێستا بەڕاستی ئەم دۆزە چارەسەر بکرێت لەرێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە، هەروەها هیوادارم هەر چوار وڵات تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا هەمان تێڕوانینیان هەبێت لەپێناو سەقامگیری ناوچەکە بۆ ئێستا و داهاتووش".

شارل دی گۆل لە ساڵی 1958 بۆ ماوەی 10 ساڵ فەرمانڕەوایی فەرەنسای کرد و لەو کاتەدا فەرەنسا بووژانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و فەرەنسای گەیاندە ریزبەندی چوارەمین وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی دوای هەر یەک لە ئەمەریکا، رووسیا و بەریتانیا.

رۆژی (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) له‌ هاوینەهەواری سۆچی لە رووسیا، 20مین دیداری ساڵانه‌ی یانه‌ی گفتوگۆی ڤه‌ڵدای به‌ ئاماده‌بوونی 140 پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی کە 42 وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون به‌ڕێوه‌چوو، له‌ پانێڵەکەدا باس له‌ رژێمی نوێی جیهانی دوای شه‌ڕی ئۆكرانیا كرا، هه‌روه‌ها باس له‌ كۆتاییهاتنی تاك جه‌مسه‌ری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جیهانیش كرا.

Fly Erbil Advertisment