بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە کرا

K24 - هەولێر
بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، نەشتەرگەری گۆڕینی جومگە بۆ ئافرەتێکی تەمەن 63 ساڵ ئەنجام درا، و نەشتەرگەریەکەش بە سەرکەوتووی کۆتاییهات.
عایشە عەبدوڵڵا، ئەو ئافرەتەی نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدرا، باسی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەکە دەکات و دەڵێت: "پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکە زۆر باشن، نەخۆشخانەیەکی خاوێنە و بەڕێزەوە پێشوازی لە نەخۆشەکان دەکەن".
ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانە ناحكومییەكان بڕی زیاتر لە پێنج هەزار دۆلاری تێدەچیت، کە هەموو کەس ئەو توانایەی نییە.
بەهێز عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "ئەو ئافرەتەی نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی بۆ کرا دایکی ئەفسەرێکی پێشمەرگەیە، تووشی داخورانی جومگەکانی چۆکی بووە".
گوتیشی: "رۆژێک دوای نەشتەرگەرییەکە ئەو نەخۆشە دەتوانێت بەپێی خۆی بچێتەوە ماڵەکەی".
لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ھەولێر، هەموو خزمەتگوزاریەکانی بینینی پزیشك، پشکنینی تاقیگە و دەرمان و نەشتەرگەری رۆژانە بێ بەرامبەر بۆ زیاتر لە 60 کەس ئەنجام دەدرێت.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیا دروستکراوە، لە 24/2/2019 رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، بەشێوەیەکی نافەرمی ماوەیەک بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە و لە 1/3/2021 بە فەرمی کراوەتەوە و لە 26ی ئۆکتۆبەری 2022، بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکە ئەنجامدراوە.