ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی حومس به‌رزبووه‌وه‌

K24 – هەولێر:

روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 6ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) بڵاویكرده‌وه‌،  ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆلێژی سه‌ربازی حومس گه‌یشته‌ 123 كه‌س.

رامی عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، به‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌لحوره‌ی راگه‌یاند، ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی حومس به‌ زۆری برینداران هێشتا به‌رزده‌بێته‌وه‌.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ شاری حومسی سووریا و له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی پۆلێك له‌ ئه‌فسه‌ران له‌ كۆلێژی سه‌ربازی ئه‌و شاره‌ روویدا و له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی به‌رگری سووریا دوێنێ روونیكرده‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی بۆمبڕێژكراو بووه‌ و ئاهه‌نگی ده‌رچوونی پۆلێك له‌ ئه‌فسه‌رانی كۆلێژی جه‌نگی له‌ حومس كردووه‌ته‌وه‌ ئامانج، جگه‌ له‌ به‌رپرسانی حكومی، هاوكات خانه‌واده‌ی قوتابیانیش ئاماده‌ی بوون و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت و ئه‌فسه‌ره‌ ده‌رچووه‌كان و خانه‌واده‌كانیان گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌لای خۆیه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سووریا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌ كارێكی تیرۆریستی له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌.  دوێنێ راشیگه‌یاند، تیرۆریستان باجی ئه‌و كاره‌یان ده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ڵێنی داوه‌ به‌ زووترین كات پلانداڕێژه‌رانی و جێبه‌جێكارانی ئاشكرا بكات و به‌ توندترین سزایان بدات.