وه‌زاره‌تی ناوخۆ: چوار بەڕێوەبەری ناحیە دەستبەکاربوون

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرە جیاوازەکان، لە سنووری هەردوو قەزای چۆمان و مێرگەسۆر لە ئیدارەی  سەربەخۆی سۆران، چوار بەڕێوەبەری نوێی ناحیە دەستبەکاربوون.

له‌ چوارچێوه‌ی  راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،  بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رێورەسمی  دەستبەکاربوونی محەممەد مەحموود سەلیم بۆ پۆستی ‎بەڕێوەبەری ناحیەی گەڵاڵە، عەبدولڕەحمان رەسوڵ ئەنوەر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی ‎قەسرێ لە قەزای چۆمان، هه‌ریه‌ك له‌ هەژار جەوهەر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی پیران و فەرەیدون فوئاد میرخان بۆ پۆستی ‎بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمێكدا، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وەزیری ناوخۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانی هاندا کە نوێنەری دەستپاک و دڵسۆزی حکومەتی خۆیان بن و هەموو کارێک بکەن تا خزمەتی سنوورەکانیان بکەن و رێز لە هاووڵاتیان بگرن. (هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ی پێكردووه‌).