بۆ جاری یەکەم ژنێکی رەگەزگۆڕاوی پۆرتۆگالی نازناوی شاجوانی بەدەستهێنا

مارینا ماشیتەی تەمەن 28 ساڵ (وێنە: AFP)
مارینا ماشیتەی تەمەن 28 ساڵ (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لە پۆرتۆگال بۆ جاری یەکەم نازناوی شاجوان درایە ژنێک کە رەگەزەکەی گۆڕیوە. جیا لەمەش کێبڕکێ دەکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی گەردوون.

میدیاکانی پۆرتۆگال بڵاویانکردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە رێوڕەسمێکدا لە شاری بۆربای وڵاتەکە، بۆ جاری یەکەم، نازناوی شاجوانی ساڵ درایە ژنێک کە چەند ساڵێک پێش ئێستا ڕەگەزەکەی گۆڕیوە.

ژنەکە ناوی "مارینا ماشیتە"ـیە، تەمەنی 28 ساڵە و کارمەندی کۆمپانیایەکی بواری فڕۆکەوانییە. تاکە ژنی ڕەگەزگۆڕاو بوو کە خۆی بۆ ئەو نازناوە کاندید کردبوو.  

مارینا پێش بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی پۆرتۆگال، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیبووی: "جێگەی شانازییە بۆ من کە تاکە ژنی ڕەگەزگۆڕاوم کێبڕکێ بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی پۆرتۆگال".

بە گوتەی مارینا، "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەرفەتم بۆ نەرەخسا بەشداری لە کێبڕکێیەکەدا بکەم، بەڵام ئەمڕۆ دڵخۆشم کە یەکێکەم لەوانەی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی" بۆ بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی پۆرتۆگال".

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، ژنێکی دیکەی رەگەزگۆڕاو بە ناوی "ریکی کۆلە" کە تەمەنی تەمەن 22 ساڵە؛ نازناوی شاجوانی هۆڵەندای بۆ ساڵی 2023 بەدەستهێنا. بەهەمان شێوە ئەویش بووە یەکەم ژنی ڕەگەزگۆڕاو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

مارینا و ریکی کێبڕکێ لەگەڵ چەندین شاجوانی دیکەی وڵاتان دکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی گەردوون کە بڕیارە لە رێوەڕەسمێکدا، لە وڵاتی سێلڤادۆر ببەخشرێت.

ئەمە جاری یەکەم نییە ژنێکی ڕەگەزگۆڕاو نازناوی شاجوان بەدەستبهێنێت؛ ساڵی 2018 ئەنجیلا بوونسی ئیسپانی بووە یەکەم ژن کە ڕەگەزەکەی لە نێرەوە بۆ مێ گۆڕیبێت، نازناوەکە بەدەستبهێنێت. ئەنجیلا لەگەڵ چەندین شاجوانی دیکە کێبڕکێی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی گەردوون، بەڵام نەیتوانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت.  


سەرچاوەی هەواڵ: AFP

Fly Erbil Advertisment