مێروویەک خەڵکی فەرەنسای هەراسانکردووە

K24 - هەولێر
مێرووی جێگا خەڵکی فەرەنسای هەراسان و تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، حکومەتی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو جۆرە مێرووە کە بەهۆیەوە چەندین شوێنی گشتیی لەو وڵاتە داخراون.
مێرووەکە چەندین رۆژە لە فەرەنسا بڵاوبووەتەوە. هەندێک هاووڵاتیی فەرەنسی بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، لەسەر جێگەی روونشتنی شەمەندەفەر و کورسییەکانی هۆڵەکانی سینەما مێرووەکان دەمێننەوە و بینیویانن. هاووڵاتییان جەخت لەوە دەکەنەوە مێرووەکە بە رێژەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە، ئەمە بە پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی فەرەنسا.
لەسەر ئاستی دەرەوەی فەرەنساش، حکومەتی جەزائیر بە شێوەیەکی فەرمی "ڕێوشوێنی خۆپارێزی"ی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو مێرووەی ڕاگەیاندووە.
بوونی مێرووەکە لە قوتابخانەی ناوەندی ئەلیسا لیمۆنیەر لە پاریس پشتڕاستکراوەتەوە و بوونی مێرووەکە لە 14 پۆلی قوتابخانەکە تۆمارکراوە، ئەمە بەپێی نامەیەکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بۆ مامۆستایانی کە بەیانی دوێنێ هەینی بۆی ناردبوون.
مامۆستایەک کە داوای کردووە ناوی نەهێنرێت، ئاماژەی بەوە کردووە "دۆخێکی دەروونی لەنێو دایک و باوک و خوێندکاراندا دروستبووە." ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام نامە لە دایک و باوکەکانەوە وەردەگرم کە دەڵێن تا مێرووی جێگا هەبێت منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە.
بەگشتی تا ئێستا حەوت قوتابخانە لە فەرەنسا بەوهۆیەوە داخراون و لە 17 قوتابخانەشدا بوونی مێرووی جێگە "لە ئاستە جیاوازەکاندا" دەستنیشانکراون، ئەمە بە گوتەی گابرێل ئاتال، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا کە ئێوارەی هەینی بە کەناڵی فەرەنسا 5ی ڕاگەیاندووە .
لە شاری ئامیێنی باکووری فەرەنسا، کتێبخانەی شارەوانی لویس ئەراگۆن ڕۆژی شەممە دەرگاکانی بەرووی خوێنەراندا کردەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە داخستنی بەهۆی بوونی ئەم مێرووە "لە شوێنە دیاریکراوەکان بۆ خوێندنەوە." سەرۆکی شارەوانی شارەکە، بریجیت فاوری، بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕوونیکردەوە، سەگێکی شوێنپێهەڵگرتن هیچ کێشەیەکی نەدۆزیوەتەوە دوای ئەوەی ڕێوشوێنی تەعقیمکردن گیراوەتەبەر، ئەمەش ڕێگەی بە کردنەوەی کتێبخانەکە داوە.
پرسی بڵاوبوونەوەی مێڕووی جێگا بووەتە رۆژەڤی فەرەنسا، بەو پێیەی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە پێش یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دێن کە لە چەند مانگێکی داهاتوودا لە پاریس بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەیەکی حکومی دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پشتڕاستی کردەوە کە "هەموو وەزارەتەکان پەیوەستکراون بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە."
نووسەری ئەمریکی ئەلفرێدۆ مینێۆ کە لە پاریس دەژی، بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە، لەسەر ئەو شەقامەی کە من لێی دەژیم ژمارەیەکی زۆری دۆشەک و بەتانی خەڵکی ڕیزکراون، هەروەها ستیکەری بچووکیان لەسەریان دانراوە کە ئاگاداری خەڵکی دەکەنەوە کە نابێت دەستیان لێبدەیت.
لای خۆیەوە ماری ئێڤرۆی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئیکۆ-فلیت و سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵکردنی مێرووی جێگا، گوتی ئەوانەی کە مێرووی جێگایان لەگەڵدا دۆزراونەتەوە، تووشی "شۆکی دوای تووشبوون" بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تووشبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەو مێرووە وایکردووە کۆمپانیاکەیان ڕاهێنان بە کارمەندەکانی بکات لەسەر "چۆن مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری کڕیاران".
خواستێکی زۆر لەسەر خزمەتگوزاری تەعقیمکردن هەبوو، جا لە تاکەکانەوە بێت یان لە گواستنەوەی گشتی کە دەیەوێت بەکارهێنەرانی دڵنیا بکاتەوە. بۆ نموونە تۆڕی گواستنەوەی گشتی لە شاری مۆنپیلیە لە باشووری فەرەنسا، ڕۆژی هەینی وێنەی "ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوە"ی بڵاوکردەوە کە تێیدا کارمەندێک لەگەڵ سەگێکی شوێنپێهەڵگر دەردەکەوێت.
وەزیر کلیمەنت بیون بەڵێنیدا پێش ئۆڵۆمپیادی 2024 "ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی پاککردنەوەی بەهارە" ئەنجام بدات.