ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و ژمارەی کوژراو و بریندارانیش بەرزبووەوە

K24 – هەولێر:

دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەناکاوی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس شەڕێکی نوێ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس سەریهەڵدا، ژمارەی کوژراو و بریندارانی نێوانیشیان لەبەرزبوونەوەدایە، هاوکات وڵاتانی جیهانیش ئیدانەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن.

دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەناکاوی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، ئاڵۆزییەکی نوێ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس سەریهەڵدا، ئیسرائیل بە هێرشی توندی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە وەڵامی هێرشەکانی حەماسی دایەوە، وڵاتانی جیهانیش ئیدانەی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەکەن.

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24، لە کەرتی غەززە رایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لە کەرتی غەززە بەردەوامە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، گرووپەکانی فەڵەستین مووشەک ئاراستەی ناوچەکانی ئیسرائیل دەکەن.

باسی لەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردومان دەکات، هەروەها بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل زیانی بە هاووڵاتییان و ژێرخانی غەززە گەیاندووە.

پەیامنێری کوردستان24، راشیگەیاند، تا ئێستا لە بەردەوامی ئاڵۆزییەکاندا 123 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "کۆی گشتی کوژراوانی فەڵەستینی گەیشتە 198 کەس، هەروەها هەزار و 610 کەسێس برینداربوون.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، "ئێمە لە جەنگداین، ئەوە تەنها ئۆپەراسیۆنێک یان خولێکی توندوتیژی نییە، بەڵکو جەنگێکی گەورەیە، هاوکات گوتیشی: "ئێمە لە جەنگداین و سەردەکەوین".

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم 220 موشەک لە کەرتی غەززەوە تەقێنراون و بووەتە هۆی سوتاندنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە شاری ئەسقەلان کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە باکووری غەززەوە دوورە.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانیان هێرشی زەمینی بۆ سەر چەکدارە فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە ئەنجامدەدەن.

هەروەها راشیگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانمان، لە هەندێک شوێنی دیاریکراو لە دەوروبەری کەرتی غەززە ئێستا هێزەکانیان بەردەوامن لە هێرشی زەمینەکانین بۆ سەر کەرتی غەززە، هاوکات، هەزاران سەربازی یەدەگ لەسەر سنووری کەرتی غەززە و هەروەها باکوری ئیسرائیل و لەسەر سنوورەکانی لوبنان، سووریا و لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو جێگیر دەکرێن.

ئۆکرانیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دەکەن و رووسیاش داوای دانبەخۆداگرتن دەکات

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل دەوەستنەوە دژی ئەو هێرشە دڕندانەیەی کراوەتەسەری و تەلئەڤیڤ مافی ئەوەی هەیە بەرگری لەخۆی بکات.

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەدوو راگەیەندراوی جیادا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر بەشێک لە شارەکانی باشووری ئیسرائیلیان کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە، دیمیترۆ کۆڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیلی کرد و جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە وەڵامی هێرشە تیرۆرسیتییەکان بداتەوە و بەرگری لەخەڵک و خاکەکەی بکات.

لەبەرامبەردا، رووسیا داوا لە لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکات، دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە، چونکە لەبەرژوەندی کەس نییە.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (زریانی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر ئیسرائیل، نزیکەی 22 کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.

Fly Erbil Advertisment