فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەمپی مەخمووریان بۆردومانکرد

K24 – هەولێر:
سەرچاوەیەک لە کەمپی مەخموور بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی کەمپی مەخمووریان کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەمپی مەخمووریان بۆردومانکرد و تا ئێستا زیانەکان نەزاندراون.
سەرچاوەیەک لە کەمپی مەخموور بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شوێنەکانی نێوان شارەوانی کەمپەکە و بارەگایەکیان کردووەتە ئامانج بەڵام تا ئێستا زیانەکانی نەزاندراون.
لەلایەن خۆیەوە، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پشت شارەوانی بۆردومانکراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمپی مەخموور داخراوە، زیانەکان نەزاندراون.
هاوکات باسی لەوەشکرد، هەرچەندە هاووڵاتییانی ناوچەکە جارێک گوێیان لە دەنگی بۆردومانەکە بووە بەڵام پێدەچێت بە چەند مووشەکێک بۆردومان کرابێت.
کەمپی مەخموور کە لەلایەن پەکەکە بە "کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی" دەناسێنرێت، نزیکەی 20 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن. پێشتر چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.
دوایین جاریش کە کەمپی مەخموور لەلایەن تورکیاوە بۆردومانکرا، رۆژی (29ـی ئابی 2023) بوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا گەڕەکی چواری لەناو کەمپی مەخموور بۆردومان کرد و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی دانیشتووی کەمپەکە.
ئەم بۆردومانەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر چەند ئامانجێک لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند جارێک دووبارە بووەتەوە و کاتژمێر 7:00ـی ئێوارەی رۆژی (4ـی تشرینی یەکەمی 2023) جارێکی دیکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سێ گوندی نزیک لە گوندی گەڵاڵە و ناوچەیەکی سەر بە گوندی باساوێ بۆردومانکرد، کە سەر بە قەزای ماوەتن و دواتریش وهزارهتی بهرگری توركیا رایگەیاند، رایگهیاند، 22 پێگهی پهكهكهیان بۆردومانكردووه.
هەروەها شهوی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردبوو، لە سنووری هەرێمی کوردستان 20 بارەگای پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، خواکورک، قەندیل و گارە بۆردومانکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاندووە، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.
پێشتریش عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەیانی رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.
ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.
شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.
رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) ئیحسان چهلهبی، قایمقامی سیدهكان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە 2017ـەوە تاکوو ئێستا بە هۆکارەکانی بۆردومانی تورکیا و ئێران و پێدا تەقینی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکە بەداخەوە 27 هاووڵاتی ناوچەکە شەهید و بریندار بوونە، ئەوەی مەترسییەکانی زیاتر کردووە دانانەوەی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانی و لەوەڕگاکان".
لەگەڵ ئەوەشدا، رهوشی خراپی دهڤهری برادۆست بههۆی پهكهكه و تێكههڵچوونهكانی لهگهڵ توركیا وێرای زیانی زۆری گیانی و ماڵی و بهزاندنی سنوور بهقوڵایی زیاتر له 30 کیلۆمەتر لهلایهن توركیا، له كۆی 264 گوندی دهڤهرهكهش تا ئێستا 118ـیان چۆڵن و مهترسی چۆڵبوونیش لهسهر 20 گوندی دیكه ههیه.