چین داوای راگرتنی شەڕی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە چین نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەربڕی و داوای لە لایەنەکان کرد، دان بە خۆیاندا بگرن.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەین، لە بەرامبەر زیادبوونی گرژیی و توندوتیژییەکانی ئێستای فەڵەستین و ئیسرائیل، هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە دان بەخۆیان دابگرن و دەستبەجێ شەڕ رابگرن، هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزن و رێگری لە خراپتربوونی دۆخەکە بگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێکدادانی دووبارەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بە تەواوی نیشان دەدات کە چەقبەستوویی درێژخایەن لە پرۆسەی ئاشتیدا هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، "رێگای سەرەکی دەربازبوون لە ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل لە جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستیندایە"، هەروەها زوو دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان هەردوولا و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی هەمیشەیی.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "چین بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە".
بەگوێرەی ماڵپەڕی حوڕە، ژمارەی کوژراوان لە ئەنجامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، بۆ زیاتر لە 300 کەس بەرزبووتەوە.
لای خۆیەوە دەزگای وەفای فەڵەستین پشتڕاستی کردەوە کە 232 کوژراو و نزیکەی 1700 بریندار لە فەڵەستین تۆمار کراوە.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بە هاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (گەردەلوولی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد.