ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی یەکلایی دەکاتەوە
K24 - سلێمانی:
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە سلێمانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆی لەدوای کۆنگرەی پێنجەم ئەنجامبدات.
بەپێی ماددەی 22 لە خاڵی چواری پەیڕەوی پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دوای کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکات بۆ یەکەم کۆبوونەوە، کە ژمارەیان 60 ئەندامە و بە سەرۆکی یەکێتییەوە دەبنە 61 ئەندام.
پەیامنێری کوردستان24 لە زاری ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بڵاویکردەوە، تا ئێستا ئەجێندایەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا یەکلا دەکرێتەوە، هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، کە ژمارەیان لە 12 بۆ 14 ئەندام دەبێت، هاوکات ئەگەری هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رەنگە بابەتی زیادکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی تاوتوێ بکرێت.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە لە کۆنگرەی پێنجەم پەسەند کرا، سەرۆکی یەکێتی دەسەڵاتی زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی هەیە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: لەنێو ئەو کەسانەی دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی باس لە هەندێک ناو دەکرێت، لەوانە دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، سەمیر هەورامی گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی و حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری.
بەپێی پەیڕەوی یەکێتی ئەو کەسانەی پۆستی حکومییان هەیە، بۆیان نییە ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە دراوە بە سەرۆکی یەکێتی کە بتوانێت بەپێی پسپۆڕی یان هەڵکەوتەی جوگرافی ئەندامانی سەرکردایەتی زیاد بکات.
دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە 124 ئەندامەوە بۆ 61 ئەندام کەمکرایەوە، ئێستاش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە سەرۆکی یەکێتی، دەتوانێت ژمارەی ئەندامەکان زیاد بکات بۆ نزیکەی 75 ئەندام.