نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 90 قه‌ره‌وێڵه‌یی تایبه‌ت به منداڵان له زاخۆ دروست ده‌كرێت

K24 – هەولێر:
بۆ یه‌كه‌مین جار له زاخۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به منداڵان دروست ده‌كرێت، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی زاخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت نه‌خۆشخانه‌كه بۆ هاووڵاتییانی سنووره‌كه گرنگه و فشاره‌كانی سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی دهۆكیش كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 8ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) سیروان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی زاخۆ تایبه‌ت به كوردستان24 له‌باره‌ی دروستكردنی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه و گرنگییه‌كه‌ی رایگه‌یاند، ئه‌مه یه‌كه‌م نه‌خۆشخانه‌ی له‌و شێوه‌یه كه تایبه‌ت به منداڵان و له زاخۆ ده‌كرێته‌وه و باری سه‌رشانی هاووڵاتییانی سنووره‌كه سووك ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی زاخۆ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دروستكردنی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه جگه له‌وه‌ی هاوكاری هاووڵاتییانی سنووره‌كه ده‌كات و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كات، هاوكات باری سه‌رشانی نه‌خۆشخانه‌كانی دهۆكیش كه‌م ده‌كات و قه‌ره‌باڵغی و فشاره‌كانیان كه‌م ده‌كاته‌وه.
سیروان ئه‌حمه‌د سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، نه‌خۆشخانه‌كه له سێ نهۆم پێكهاتووه و له 90 قه‌ره‌وێله له‌خۆده‌گرێت و تا ئێستا به رێژه‌ی 40% بۆ 50%ـی ته‌واو كراوه و بڕیار وایه له ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واو ببێت، واته پێشبینی ده‌كرێت بۆ مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو كاره‌كانی ته‌واو ببن و دوای مانگێك بۆ دوو مانگ ده‌ست به پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی بكات.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له كابینه‌ی نۆیه‌مدا گرنگییه‌كی زۆری به كه‌رتی ته‌ندروستی داوه و زۆرترین خه‌رجییه‌كانی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كرۆنا و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی دیكه بۆ ئه‌و كه‌رته بووه.