باڵیۆزانی فەڵەستین و ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن

ریاز مەنسوور و گیلاد ئەردان
ریاز مەنسوور و گیلاد ئەردان

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، دەبێت بەتێکڕا تاوانەکانی جەنگی حەماس ئیدانە بکەن و باڵیۆزی فەڵەستینیش لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل ناتوانێت جەنگێکی سەرتاسەری بەرپا بکات و داوای ئاشتیش بکات.

رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023) ریاز مەنسوور، باڵیۆزی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، فەڵەستینییەکان رێچکەیەکی ئاشتییانەیان هەڵبژارد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامبوو لە بەکارهێنانی هێز لە دژی فەڵەستینییەکان و مافی فەڵەستینییەکان.

ریاز مەنسوور گوتیشی، "لەیەک رۆژدا، ژمارەیەکی زۆری فەڵەستینی کوژراون، لە نێویشیاندا منداڵی چەند مانگی، تەواوی خێزانێک لە خەودا کوژراون، ئایا ئەمە ئاسایش بەرقەرار دەکات و ئاشتی دێنێتە ئاراوە؟ پاراستنی نێودەوڵەتی لە کوێیە؟ بۆچی هیچ کارێک نەکرا کاتێک فەڵەستینییەکان دەکوژران؟ ئەگەر ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تۆڵەسەندنەوەبێت، ئەوا زۆرێک لە فەڵەستینییەکان بڕوایان وایە زۆر شتیان هەیە بۆ تۆڵەکردنەوە".

ئەو بەرپرسە فەڵەستینییە باسی لەوەشکردووە، "ناتواندرێت بڵێن هیچ شتێک رەوایەتی نادات بە کوشتنی ئیسرائیلییەکان و دواتر رەوایەتی بدەی بە کوشتنی فەڵەستینییەکان. ئێمە رێچکەیەکی ئاشتییانەمان هەڵبژارد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان. بەڵام ئیسرائیل بەردەوامبوو لە بەکارهێنانی هێز لە دژی فەڵەستینییەکان، بۆیە ناتوانێت جەنگێکی سەرتاسەری لە دژی وڵاتێک، گەل و خاکەکەی و شوێنە پیرۆزەکان بەرپا بکات و داوای ئاشتیش بکات."

لەلایەن خۆشیەوە، گیلاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوەی روویداوە 11ـی سێپتێمبەری ئیسرائیلە و ئەوەی حەماس کردوویەتی، تاوانی جەنگە و تاکە داواکاریمان لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەیە بەتێکڕای دەنگ وەک تاوانی جەنگ ئیدانەی بکات.

گیلاد ئەردان " گوتیشی، "ئەوەی ئێمە دەیبینین تاوانی جەنگە و تاوانی بەربەرین، سەربڕینی خەڵکی سڤیل و دەستدرێژیکردنە سەر دیلەکان و رفاندنی منداڵ لە دایکی. هیچ وشەیەک نییە باسی ئەم وەحشیگەرییە بکات. ئەمە 11ی سێپتێمبەری ئیسرائیلە".

پاپای ڤاتیکان نزا بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات

لەلایەکی دیکەوەم پاپای ڤاتیکان داوای راگرتنی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان ئیسرائیل و هێزە چەکدارە فەڵەستینییەکانی کرد و رایگەیاند، شەڕ و تیرۆر چارەسەری ناکۆکییەکان ناکەن و بەهۆیانەوە تەنیا هاووڵاتی بێتاوان دەبنە قوربانی.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ""پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خێزان و کەسوکاری قوربانییانی غەززە و ئیسرائیل دەکەم و نزایان بۆ دەکەم. تکایە کۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزی بهێنن، با تێبگەین شەڕ و تیرۆر چارەسەری ناکۆکییەکان ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی مردن و چەوساندنەوەی خەڵکی بێتاوان. هەموو شەڕێک کۆتاییەکەی شکست و تێکشکانە. با هەموو پێکەوە نزا بۆ ئاشتی لە ئیسرائیل و فەڵەستین بکەین."

ئەمەریکا رەخنە لە مۆساد دەگرێت

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەرپرسانی ئەمەریکا رەخنە لە هەواڵگری ئیسرائیل دەگرن لە بەرامبەر ئەوەی، بێ ئاگابوون لە هێرشەکانی حەماس و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیش لەبەرامبەر هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس شۆکبوون.

کەناڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکیدا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا سەبارەت بە هەواڵگری ئیسرائیل نیگەرانە و هەواڵگری ئەو وڵاتە لەبەرامبەر ئامادەکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل چاوکراوە نەبوون. پێش هێرشەکانیش هەواڵگری ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی هەواڵگری سەبارەت بە هێرشەکە نەداوەتە ئەمەریکا.

هەر لە راپۆرتەکەشدا هاتووە، بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل تاکتیکێکی بەکارهێناوە، پێشتر هاوشێوەی نەبووە. ئیسرائیل هەمیشە پێشبینی کردووە لە باکوورە هێرشی بکرێتە سەر، بەڵام ئەمجارە لە ناوجەرگەی غەززەوە کرایە ئامانج و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلیش دەڵێن، هێرشەکەی ئەمجارەی حەماس شۆکی کردوون.

ئەم هێرشەش لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کۆمارییەکانەوە، ئیدارەی بایدن کەوتووەتە ژێر رەخنە و پرسیارێکی زۆرەوە، لەبەرامبەر ئەوەی لە رێککەوتنی ئازادکردنی زیندانییەکان، ئەمەریکا شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی ئازاد کردووە، کۆمارییەکان دەشڵێن، بایدن بەم کارەی خیانەتی لە ئیسرائیل کرد.

لە راپۆرتەکەی ئەو کەناڵە ئەمەریکییەدا، ئاماژە بە پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودییە کراوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیان، جەختیان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە کردووەتەوە، مەرجی سعوودیەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل و راگەیاندنی ئاگربەستە، پێشبینیش دەکرا بەم نزیکانە لەسەر پرسی ئاگربەست رێککەوتنێک هەبێت، بەڵام ئەم هێرشانەی بزووتنەوەی حەماس، ریسەکەی لێیان کردەوە بە خوری.

ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە بەرزبوونەوەدایە

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر11:30ـی شەو) 700 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، 413 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە. 

Fly Erbil Advertisment