لەتبوونی حزبەکان کاریگەری لەسەر نەخشەی سیاسی دەبێت

K24 - سلێمانی
بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان لە دوایین کۆنگرەى حزبەکەیدا باڵێكی لێ جیابووەوە و دەڵێن: حزبێکى نوێ دروست دەکەین بە ناوى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى. ئەندامێکیان نایشارێتەوە بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکەن و چاویان لەوەیە کورسى بەدەست بهێنن. شارەزاییەکى بوارى هەڵبژاردنیش پێى وایە ئەم کەرتبوونی بەشێک لە حزبەکان لە داهاتوودا کاریگەرى لەسەر نەخشەى سیاسی پەرلەمانى کوردستان دەبێت.
گۆران نوری، ئەندامى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى بە کوردستان24ی گوت: "گۆڕانکارى دروست دەبێت لە رێژەى دەنگدان هەم لاى ئەوان هەمیش لاى ئێمە، ئێمە هەموو بەرنامە رێژیەکمان کردووە نەخشە و پلانى ئەوەمان داڕشتووە بۆ هەڵبژاردن، ئەوکات کە لەناو بزووتنەوەى ئیسلامیدا بووین نەخشە و پلانى تایبەت بە خۆمم هەبوو ئیشم لەسەر هەڵبژاردنەکان کردبوو، چونکە خۆم بەرپرسى هەڵبژاردنەکان بووم، بۆ ئەوەى بتوانین لە هەڵبژاردنەکان رێژەیەکى کورسى پەرلەمان بەدەست بهێنین، ئێستا لێرە ئەو نەخشە و پلانە جێبەجێ دەکەین".
کەرتبوون و جیابوونەوەى نێو حزبەکان بێ کاریگەرى نابێت، شارەزایانى بوارى هەڵبژاردن پێیان وایە ئەو حزبانە هەندێک جار ناتوانن کورسى پەرلەمانى بەدەست بهێنن، ئەگەر فراکسیۆنی زیاتریش لە پەرلەمان دروست ببێت ئەوا بۆ دەرچوواندنى یاسا گفتوگۆکانى پەرلەمان درێژە دەکێشێت.
لەوبارەوە هەڵشۆ فەتاح، شارەزاى بوارى هەڵبژاردن دەڵێت: "لەگەڵ دروست بوونى هەر حزبێکى سیاسی نوێ، بە تایبەت ئەو حزبانەى کە پێشتر بەشدارى هەڵبژاردنەکانیان کردووە کاتێک کەرت دەبن، وادەکات دەنگەکانیان دابەش ببێت، زۆر جار ئەم دەنگ دابەش بوونە بە تایبەت بۆ ئەو هێزانەى کە دەنگەکانیان سنووردارە وادەکات دەنگەکانیان نەگاتە رێژەى بەدەستهێنانى کورسى".