ئەمەریکا ئێرلاینز گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئیسرائیل راگرت

K24 - هەولێر
سەندیکای فڕۆکەوانانی هێڵی ئاسمانی ئەمەریکا داوای لە ئەندامەکانی کردووە، گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل بوەستێنن، تا ئەو کاتەی ئاسایش و سەلامەتی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
ئێد سیچەر سەرۆکی سەندیکاکە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: نە ژیرانەیە و نە گونجاویشە، کە بە ئەنقەست تیمەکانی فڕۆکەوانی و سەرنشینەکانمان بخەینە مەترسییەوە، کە گەشت بۆ ناوچەیەکی شەڕ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای وردبینییەکی ورد هەموو فڕۆکەوانەکانم ئاگادارکردووەتەوە کە گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل بوەستێنن، تاوەکو لە ئاسایش و سەلامەتی ناوچەکە دڵنیا دەبینەوە".
لە دوایین راسپاردەکانی گەشتکردن بۆ ئیسرائیل کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆخی ئیسرائیل هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵ دانییە، دەشڵێت: "رەنگە تۆپ و مووشەکەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە بتەقێندرێن".
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل، بەسەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، کە زیاتر لە هەزار کوژراو و برینداری لەكەوتووەتەوە.
هێڵی ئاسمانی ئەمەریکا یان "ئەمەریکا ئێرلاینز" هێڵی ئاسمانی نیشتمانی ئەمەریکایە، کە بارەگای سەرەکی دەکەوێتە شاری فۆرت وۆرس، هەروەها گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانییە لە جیهاندا لە رووی ژمارەی سەرنشینەکانەوە، دووەم گەورەترین هێڵی ئاسمانییشە لە رووی ژمارەی فڕۆکەکانەوە.