بههۆی ئاڵۆزییهكانی نێوان حهماس و ئیسرائیل کارکردن لە کێڵگەی غازی دەریای ناوەڕاست راگیرا

K24 – هەولێر:
کۆمپانیای شیڤرۆن لەسەر داوای ئیسرائیل کارکردنی لە کێڵگەی غازی دەریای ناوەڕاست راگرت.
گوتەبێژی کۆمپانیای شیڤرۆن رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی ئیسرائیل کارکردنیان لە کێڵگەی غازی سروشتی تەمەر لە کەناراوەکانی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاست راگرتووە.
گوتەبێژی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمهریکی دەڵێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و حەماس و لەسەر داواکاری وەزارەتی وزەی ئیسرائیل کارکردنیان راگرتووە.
دڵنیایی دەدات لە پلاتفۆرم و کێڵگەکانی دیکەی کۆمپانیاکەوە غازی سروشتی بۆ هاوبەشەکانی دابین دەکات.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر8:30ـی رۆژی دووشەممە) زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 600 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.