وەزارەتی تەندروستی عێراق: لە سەرەتای ئەمساڵەوە 545 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای بەسرە تۆمارکراوە بەشێوەیەک 132 تووشبوون تۆمارکراوە و 13 تووشبووش لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 545 حاڵەتی فەرمی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و 70 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها راشیگەیاند، پارێزگای زیقار پلەی یەکەمی زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی گرتووە، بەشێوەیەک 132 تووشبوون تۆمارکراوە و 13 تووشبوو لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکراشی کردووە، لە دوای پارێزگای زیقار هەریەکە لە بەسڕە، بەغدا، رەسافە، میسان و واست زۆرترین تووشبوویان بە تای خوێنبەربوون تۆمار کردووە.

شێوازەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:

یەکەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوکە بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە دەکات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە:

1- بوونی تایەکی بەرز.

2- هەبوونی ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان.

3- بێهێزبوون.

4- هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و رشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەسەرکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

پێویستە بۆ خۆپاراستن لە خۆشییەکە ئەم رێنماییە جێبەجێ بکرێن:

1- دوورکەوتنەوە لە کڕینی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەکان و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان.

2- ئەو کەسانەی گۆشت دەفرۆشن (قەسابەکان) پێویستە دەستکێش و پۆشاکی تایبەت بەکاربهێنن.

3- بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێودەکرێت، بۆئەوەی ئاژەڵەکان نەبنە هەڵگری نەخۆشییەکە.

4- دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە پێدەچێت گەنە و مێرووەکانی تێدابێت.

5- پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی فڕێنەدرێتە سەر شەقام و کۆڵانەکان، دەبێت پاشماوەکان بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکان لەناوببرێن.

Fly Erbil Advertisment