مێژووی رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکان

K24 – هەولێر:

بەهۆی مووشەکباران و شەڕی دەستەویەخەی چەند رۆژی رابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەدان کەس لە هەردوولا کوژراون و بە هەزارانیش برینداربوونە. دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 بەردەوام رووبەڕووبوونەوە لە نێوان گرووپە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل روویداوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژراو و برینداربوونە.

رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، کە دوای درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 بەردەوام شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلدا روویداوە، بەتایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا و بە دیاریکراویی لە دوای ساڵی 2008، بەردەوام هەموو ساڵێک گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان گرووپە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلدا هەبووە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی و چەکدار و سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.

لە رووبەڕووبوونەوەکانی ساڵی 2012، 260 فەڵەستینی کوژران و چوار هەزار و 677 کەسیش برینداربوون. لە کاتێکدا تەنیا حەوت ئیسرائیلی کوژران و 571 برینداربوون.

لە ساڵی 2013، 39 فەڵەستینی کوژران و سێ هەزار و 992ـیش برینداربوون. لەبەرامبەردا ئیسرائیلیش شەش کوژراو و 151 برینداری هەبوو.

ژمارەی فەڵەستینییە کوژراوەکان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانی 2014 یەکجار زیادیکردووە و گەیشتە دوو هەزار و 329 کەس، هەروەها 17 هەزار و 533 دیکە برینداربوون. لە کاتێکدا، 88 ئیسرائیلی کوژران و دوو هەزار و 708 دیکە برینداربوون.

لە ساڵی 2015، 174 فەڵەستینی کوژراون و 14 هەزار و 639 کەسیش برینداربوون، لەبەرامبەردا 26 ئیسرائیلی کوژران و 313ـش برینداربوون.

لە ساڵی 2016، 109 فەڵەستینی کوژران و سێ هەزار و 464 برینداربوون. هەروەها 12 ئیسرائیلی کوژران و 210ـش برینداربوون.

لە ساڵی 2017، 77 فەڵەستینی کوژران و هەشت هەزار و 447 برینداربوون. لەبەرامبەردا 17 ئیسرائیلی کوژران و 157 برینداربوون.

لە ساڵی 2018، 300 فەڵەستینی کوژران و 31 هەزار و 259ـش برینداربوون. لەکاتێکدا 13 ئیسرائیلی کوژران و 117 دیکەش برینداربوون.

لە ساڵی 2019، 138 فەڵەستینی کوژران و 15 هەزار و 491ـی دیکە برینداربوون. لە کاتێکدا، 12 ئیسرائیلی کوژران و 123 دیکە برینداربوون.

لە ساڵی 2020، 30 فەڵەستینی کوژران و دوو هەزار و 581 برینداربوون. لەبەرامبەردا سێ ئیسرائیلی کوژران و 105ـیش برینداربوون.

لە ساڵی 2021، 349 فەڵەستینی کوژران و 19 هەزار و 183 برینداربوون. لەکاتێکدا 11 ئیسرائیلی کوژران و 168ـیش برینداربوون.

لە ساڵی 2022، 191 فەڵەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل کوژران و 10 هەزار و 345 برینداربوون. لەبەرامبەردا 21 ئیسرائیلیش کوژران و 252ـش برینداربوون.

لە ساڵی 2023 تا کۆتایی مانگی 9، 227 فەڵەستینی کوژراون و هەشت هەزار و 508 دیکە برینداربوون. لە بەرامبەردا، 29 ئیسرائیلی کوژراون و 204ـش برینداربوون.

بەمەش کۆی گشتی ژمارەی کوژراوەکانی فەڵەستیی لە 2008 تا کۆتایی مانگی 9ـی 2023 دەگاتە شەش هەزار و 407 کەس و 152 هەزار و 560شیان برینداربوونە، لەکاتێکدا 308 ئیسرائیلی کوژراون و شەش هەزار و 307 دیکە برینداربوونە.

ئەمەش جگە لە رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دوو رۆژەی دوایی، کە سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.