جۆن کێربی: راستەوخۆ بەشداری لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل ناکەین

K24 - هەولێر
کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت، بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل ناکەن.
جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ پلانێکیان بۆ تێوەگلان لە جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئسرائیل بەشێوەیەکی راستەوخۆ نییە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئسرائیل.
جۆن کێربی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەشکرد، نیگەرانن لە ئاڵۆزیی و هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، رەنگە هەڕەشەی داهاتوو بۆ سەر ئیسرائیل لە لوبنانەوە بێت.
سەبارەت بەناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیراڵ فۆرد بۆ دەریای ناوەڕاست، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ناردنی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسهر كهرتی غهززه، تائێستا 687 گیانیان لەدەستداوە، كه لەنێویاندا 140 و منداڵ و 105 ئافرهت هەن.
هاوکات بەگوێرەی ئاماری نهتهوه یهكگرتووهكان، بههۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، نزیكهی 123 ههزار هاووڵاتی سڤیل له غهززهوه ئاواره بوونه.