سبەی لە کەرکووک یادی شەهیدانی 2ـی ئەیلوول دەکرێتەوە

وێنەی شەهیدانی 2ـی ئەیلوولی کەرکووک
وێنەی شەهیدانی 2ـی ئەیلوولی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

سبەی 40 رۆژ بەسەر خۆپیشاندانەکەی 2ـی ئەیلوولی 2023ـی کەرکووک تێدەپەرێت و وابڕیارە رێورەسمێکی تایبەتیش بۆ یادکردنەوەی چوار شەهیدەکەی ئەو خۆپیشاندانە ئەنجام بدرێت.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سبەی چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) رێورەسمی تایبەت بۆ تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر شەهیدکردنی چوار هاووڵاتی کوردی شارەکە لە خۆپیشاندانەکانی 2ـی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت.

رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی رەحیماوەى شاری کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژى داخستنی رێگەى کەرکووک - هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.

لە (4ـی ئەیلوولی 2023) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی رووداوەکانی 2ـى ئەیلوولی کەرکووک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت".

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی رووداوەکانی 2ـی ئەیلوولی کەرکووک، ئێرە کلیک بکە.