بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل چەندین گەڕەك لە غەززە چۆڵکراون

غەززە
غەززە

K24 – غەززە:

بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستینییەکان بەردەوامە و بەهۆیەوە ناوچەیەکی فراوانی کەرتی غەززە چۆڵ کراوە، توندی بۆردومانەکان لە ئاسمان و لە دەریا و زەمینەوە وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بەرەو ئەو ناوچانەی دیکە بچن کە ئارامترن و  تا ئێستا ئاگری بۆردومانەکان نەیانی گرتۆتەوە، پەیامنێری کوردستان24 لەناو غەززە لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتە هەواڵییەکەی ئەمڕۆیدا، ناچار بوو نوسینگەكەی بەجێبھێڵێت، پاش ئەوەی بانگەوازی ئیسرائیلیان پێگەیشت کە دەبێت ناوچەکەیان چۆڵ بکەن.

بەهۆی بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ناوچەیەکی فراوانی کەرتی غەزە چۆڵکراون و بوونەتە " شاری خێوەکان" و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لەو ناوچانەی دیکە کردووە کە ئارامترن، پەیامنێری کوردستان24ـیش لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، هەمان ئەو رەوشیان بەسەردا هات، کە بریتی بوو لە نەبوونی ئەمن و ئاسایش، چونکە لەوکاتەیدا کە خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتەکە بوون، ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیلیان پێگەیشت کە دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن، دەنگی هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشی موشەکەکان لە دەریاوە راناوەستن و هەموو شوینێکی غەزەیان کردووەتە ئامانج، بە شوێنەکانی نێشتەجێ بوونی هاووڵاتیانیشەوە، بە جۆرێک وەکو هاووڵاتییەک گوتی، "دوو شەوە کەس لە غەزە خەونەچۆتە چاوی".

دەلال ئەلعومەریی، ئاوارەی فەڵەستینی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێنج خولەک پێش بۆردومانەکە ئاگاداریان کردینەوە، کەوا شوێنەکەمان دەکرێتە ئامانج، دەستمان دایە منداڵەکانمان و رامانکردە سەر شەقامەکان، هیچ شتێکی ماڵەوەمان نەبرد، بۆردومانەکە هێندە زوو دەستی پێکرد کە پارچەی داروپەردووی باڵەخانە و خانوەکان منداڵەکانمی بریندار کرد،کاتێکیش بۆ ماڵەکانمان گەڕاینەوە، ئەوەی بینیمان شۆکی کردین" 

لەلایەن خۆیەوە، ئەشرەف ئەلقەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بە کوردستان24ـی گوت: ئیسرائیل تەنیا بەوە نەوەستاوە کە بەتووندی غەزە بۆردومان دەکات، بەڵکو بە بڕینی کارەبا و دەرمان و تەواو داخستنی غەزە، دوژمنکارییەکی نوێشی کرد، دەرکەوت ئیسرائیل دەیەوێت هەموو نەخۆش و بریندارەکان کۆمەڵکوژ بکات " .  

ئاماژەكانی قەیرانێكی مرۆیی گەورە سێبەرە قورسەكانی بەسەر زیاتر لە دوو مليۆن دانیشتووی غەزە بەدەركەوتوون، كە خۆیان بەدەست ئەو قەیرانانەوە دەیانناڵاند كە سالانێكە گەمارۆی ئیسرائیل بۆیانی دروست كردووە .

کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی رۆژی (شەممە 7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بە هاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (گەردەلوولی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ته‌لئه‌ڤیڤ به‌ڵێنیدا به‌ هێزه‌وه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆسه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئیسرائیل، له‌ 1000 كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستینیش ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌‌زه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 921 كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ 4450 كه‌س.