سه‌در: رۆژی هه‌ینی بۆ گه‌نده‌ڵكار و سته‌مكاران ده‌یسه‌لمێنین له‌ پشتیوانیكردنی چاكسازی و به‌رگری به‌رده‌وامین

موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت رۆژی هه‌ینی بۆ گه‌نده‌ڵكار و سته‌مكاران ده‌یسه‌لمێنن له‌ پشتیوانیكردنی چاكسازی و به‌رگری به‌رده‌وامن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خۆپیشاندانی ملیۆنی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 11ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نزیك له‌ خۆی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، رۆژی هه‌ینی و دوای وتار و نوێژی هه‌ینی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراقدا خۆپیشاندانی ملیۆنی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، كه‌ به‌و خۆپیشاندانه‌ بۆ گه‌نده‌ڵكاران و سته‌مكاران ده‌یسه‌لمێنن له‌ پشتگیریكردنی چاكسازی و به‌رگری به‌رده‌وامن.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا سه‌در وه‌ك سه‌رخه‌ری دۆزی فه‌ڵه‌ستین خۆی ناساندووه‌ و ئه‌و خۆپیشاندانه‌ش كه‌ بانگه‌وازی و بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه‌، بۆ پشتیوانیكردنه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین و ئه‌و بارودۆخ و رووداو و پێشهاتانه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و سوپای ئیسرائیل ده‌گوزه‌رێت.

کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی رۆژی (شەممە 7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بە هاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی (گەردەلوولی ئەقسا)یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ته‌لئه‌ڤیڤ به‌ڵێنیدا به‌ هێزه‌وه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا ئیسرائیلییه‌كان، ژماره‌ی كوژراوانی هێرشه‌كه‌ی باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆسه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئیسرائیل، له‌ 1200 كه‌س نزیك ده‌بێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستینیش ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌‌زه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 1055 كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ 5184 كه‌س.