پێنتاگۆن: ئۆکرانیا تاوەکو ساڵی داهاتوو فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 بەکار ناهێنێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئۆکرانیا تاوەکو بەهاری ساڵی داهاتوو، دەست بە بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 16ـی ئەمەریکی ناکات.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل گوتی: ئۆکرانیا چەند مانگێکی دەوێت بۆئەوەی ئامادەبن بۆ شەڕکردن بە فڕۆکەی ئێف-16"، گوتیشی: "دەتوانین بە زووترین کات ئەو ئامادەییەی شەڕ ببینین لە بەهاری داهاتوودا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا دەستیانکردووە بە دووبارە راهێنان کردن بە فڕۆکەوان و تەکنیکارانی ئۆکرانی لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا پێشتر رایگەیاندبوو، واشنتن بڕیاری داوە بە رادەستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەمی ئەمەریکی ئێف-16، بۆ کیێڤ لە دانیمارک و هۆڵەندا.
هەروەها کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ئۆکرانیا دوای تەواوکردنی مەشق و راهێنانی فڕۆکەوانەکانی ئەم فڕۆکانە لە وڵاتانی سێیەمەوە ئێف-16 کان وەردەگرێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، ئۆکرانیا هاوکاری دارایی و سەربازی گەورەی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەرگرتووە، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بەریتانیا، وەک کۆی گشتی ئەو هاوکاریانەی کە ئەمەریکا پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە گەیشتووەتە زیاتر لە 119 ملیار دۆلار.