وەزیری تەندروستی: لە کوردستان رێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و سینگ لە ستانداردەکان کەمترە

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی رایدەگەیەنێت، "بەپێی داتاکان، لە هەرێمی کوردستان رێژەی مردن و پەککەوتن بە نەخۆشییەکانی سینگ و دڵ لە ستانداردە جیهانییەکان کەمترە، بەڵام پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی زیاتر رێژەکە کەمبکەینەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی زانستیی کۆمەڵەی پزیشکانی سینگ و دڵ لە شاری هەولێر، رایگەیاند، "رێژەی تووشبوون و مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و سینگ لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، بەڵام پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی زیاتر رێژەکە کەمبکرێتەوە".

وەکو ئەوەی سامان بەرزنجی باسی کرد، " جێگەی خۆشحاڵییە بەپێی داتاکان، خزمەتی رۆژانەی پزیشکان بەتایبەت لە نەخۆشخانە و بەشەکانی هەناو، دڵ و سینگ و سەنتەرەکانی دڵ هەم لە بواری چارەسەری و هەم لە بواری نەشتەرگەری، وایکردووە رێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و سینگ لە هەرێمی کوردستان لە ستانداردە جیهانییەکان کەمتر بێت".

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "سەرەڕای ئەوەی رێژەی مردن بە خۆشییەکانی دڵ و سینگ لە هەرێمی کوردستان کەمە، بەڵام پێویستە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بێت تووشبوون بەم نەخۆشییە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر کەمبکرێتەوە".

بە گوتەی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "تا ئێستاش لە وڵاتانی رۆژئاوا و پێشکەوتووی جیهان، نەخۆشییەکانی سینگ و دڵ بە هۆکاری یەکەمی مردن لەنێو هاووڵاتییاندا دادەندرێت."

Fly Erbil Advertisment