جووتیارێكی تورك چۆن رێگه‌ی له هه‌ڵفڕینی فڕۆكه‌ی كوده‌تاچییه‌كان گرتووه؟

K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "الجزیره"ی قه‌ته‌ڕی، جووتیارێكی تورك، كه زه‌وییه كشتووكاڵییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته نزیك بنكه‌ی ئاسمانی سه‌ربازی ئاكنجی له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت، رێگری له هه‌ڵفڕینی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی كورده‌تا چییه‌كانی كردووه.
وه‌ك كه‌ناڵه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، جووتیاره‌كه ره‌تیكردووه‌ته‌وه له میدیاكان ده‌ركه‌وێت، ته‌نها زانیارییه‌كانی به‌و كه‌ناڵه داوه و ده‌ڵێت: "زه‌وییه كشتووكاڵییه‌كه‌م له نزیك بنكه‌ی ئاسمانی ئاكنجییه له ئه‌نقه‌ره، فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له‌وێوه هه‌ڵده‌فڕین و په‌رله‌مانییان بۆردومان ده‌كرد".
له باره‌ی چۆنیه‌تی رێگریكردن له‌و هه‌ڵفڕینی ئه‌و فڕۆكانه، جووتیاره‌كه گوتی: "ئاگرێكی گه‌وره‌م كرده‌وه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان، به‌مه‌ش دووكه‌ڵێك چڕ ته‌واوی ئاسمانی ناوچه‌كه‌ی داگرت، ئه‌وه‌ش بووه ئاسته‌نگێك له‌به‌رده‌م هه‌ڵفڕینی فڕۆكه‌كان".
جووتیاره‌كه به‌م كاره‌ی رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له په‌كخستنی فڕۆكه‌كان و هاوكات وه‌ك كه‌ناڵه‌كه باسیكردووه، ره‌تیكردووه‌ته‌وه له به‌رامبه‌ر له‌ناوچوونی به‌روبوومی ئه‌وساڵی، هیچ قه‌ره‌بووێك له حكوومه‌تی توركیا وه‌ربگرێت و ده‌ڵێت: "ته‌نها له پێناو نیشتمانه‌كه‌مدا ئه‌و كاره‌م كردووه".
شه‌وی 15 له‌سه‌ر 16ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری باڵای سوپا، هه‌وڵیاندا كوده‌تای سه‌ربازی به‌سه‌ر حكوومه‌تی توركیادا بكه‌ن، به‌ڵام دواتر هه‌وڵه‌كه‌یان شكستی هێنا و حكوومه‌ت ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌وه ده‌ست.
به‌رپرسانی باڵای توركیا، له‌سه‌رجه‌م لێدوانه‌كانییاندا، فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌و هه‌وڵه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا گوله‌ن، سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.