وەزیرانی بەرگریی سوید و ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ کوردستان24: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات

K24 - هەولێر 

وەزیرانی بەرگریی سوید، ئەڵمانیا و بەریتانیا پێیانوایە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەم شێوەیەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بکات و بەرگریی لە خۆی بکات. دەشڵێن، هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ئیسرائیل دەگرنەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، هەر یەکە لە بیڵ بلەیر، وەزیری بەرگریی سوید؛ گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و بۆریس پێستریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەبارەی شەڕی نێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، وەڵامی پرسیارەکانی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـیان دایەوە.

بیڵ بلەیر، وەزیری بەرگریی سوید لەبارەی هێرشی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو چەکدارانە و سوپای ئیسرائیل، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، چونکە حەماس لەهێرشەکەیدا خەڵکیان کووشتووە و، ژن ومنداڵیان رفاندووە".

وەزیری بەگریی سوید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل دەکەن و هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییەکانیان لە شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل دەگرنەبەر.

 

 

شەش ڕۆژە شەڕ، مووشەکباران و بۆردوومان لەنێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. ژمارەی کوژراوانی هەردوولا نزیکبووەتەوە لە دوو هەزار و 600 کەس و ژمارەی بریندارانیش شەش هەزار کەسی تێپەڕاندووە و سەدان کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

 

 

لەلایەکی دیکەوە لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل؛ بۆریس پێستریۆس، وەزیری بەگری ئەڵمانیا رایگەیاند، هەر دەستوەردانێکی ئەو گرووپانە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و توندوتیژی زیاتر دەکات.

بۆریس پێستریۆس گوتیشی: " ئەگەر سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە هاوکاری حەماس بکەن، ئەوکات ئاڵۆزی زیاتر روو لەناوچەکە دەکات. پێویستە هەموو شتێک بکەین کە لەتواناماندابێت بۆ ئەوەی رێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە بکەین".

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان 24 لە کەرتی غەززە رایگەیاند، دۆخی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە زۆر خراپە و بەهۆی نەبوونی پێداویستی پزیشکییەوە ناتوانن پێشوازی لەو ژمارە زۆرە بریندارە بکەن، ئەوە لەگەڵ هەبوونی گەمارۆی توند لەسەر شارەکە و نەبوونی بەردەوامی ئاو و کارەبا.

 

 

هاوکات گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "ئێمە دەڵێین ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لەخۆی هەیە؛ حەماس گرووپێکی تیرۆریستین نەک شەڕکەرانی ئازادی، با خۆیان وەک شتی دیکە نەناسێنن، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکات".

لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکخستنی ئیسرائیلییەکان دژی هێرشەکانی حەماس؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەهاوبەشی بێنی گانتز، وەزیری بەرگری پێشوو و یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئێستا، کابینەی حکومەتی ئیدارەدانی جەنگیان لە ئیسرائیل راگەیاند و، داواشیان لە یائیر لاپید، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کرد بێتە پاڵیان.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەکان لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامن. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆی بەپەلە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات. خاچی سووری نێودەوڵەتیش ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی دیلەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەنجوموەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی دانیشتنێکی تایبەت بە شەڕی نێوان چەکدارانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل ئەنجامبدات.


ئامادەکردن: بارزان حەسەن و سارەوان حەمەساڵح

Fly Erbil Advertisment