په‌رله‌مانی توركیا بۆ تاووتوێكردنی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل كۆده‌بێته‌وه

K24 – هەولێر:
په‌رله‌مانی توركیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراو سه‌باره‌ت به پێشهات و رووداوه‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و سوپای ئیسرائیل ئه‌نجام ده‌دا، هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته كه له كۆبوونه‌وه‌كه ئاماده بوو، به وردی دوایین پێشهاته‌كانی خستووه‌ته‌ڕوو.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 12ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) په‌رله‌مانی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی نو‌عمان كۆرتوڵموش بۆ تاووتوێكردنی بارودۆخی غه‌ززه و رووداو و پێشهاته‌كانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی كۆبووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆرتوڵموش رایگه‌یاند، جگه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ فه‌ڵه‌ستین كه پایته‌خته‌كه‌ی قودس بێت، هیچ جێگره‌وه و بژارده‌یه‌كی دیكه نییه.
كۆرتوڵموش له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌پێویستی زانیوه هه‌ر چی زووه ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌ندرێت و كار بكرێت بۆ گه‌یاندنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان بۆ ناوچه‌كه.
له‌لای خۆیه‌وه هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رووداو و پێشهاته‌كانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسرائیل خسته‌ڕوو، هه‌ره‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی ئه‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزییان له رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نی ئیسرائیل و حه‌ماس و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی عه‌ره‌بی و بیانی كردووه به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له ئاڵۆزبوونی شه‌ڕ و پێكدادان و ئاڵۆزییه‌كان.
هاوكات باس له‌وه ده‌كرێت سبه‌ی هه‌ینی هاكان فیدان سه‌ردانی قاهیره بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی میسری و ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی كۆببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان زیاتر بكه‌ن بۆ راگرتنی ئاڵۆزییه‌كان و گه‌یاندنی هاوكارییه مرۆییه‌كان بۆ دانیشتووانی غه‌ززه.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 19ـی رۆژی پێنجشەممە) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.