سەرۆکوەزیرانی سڕبیا بۆ کوردستان24: رووسیا غازی بۆ خاکی باڵکانەکانی رۆژئاوا و سڕبیا دابین کردووە

رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کۆماری سڕبیا
رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کۆماری سڕبیا

K24 - مۆسکۆ:

رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کۆماری سڕبیا، رایگەیاند، "سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ رووسیا هەیە"، هاوکات دەشڵێت: رووسیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا غازیان بۆ خاکی باڵکانەکانی رۆژئاوا و کۆماری سڕبیا دابینکردووە.

رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کۆماری سڕبیا، لە میانەی بەشداریکردنی لە شەشەمین خولی هەفتەی وزەی رووسیا، لە بارەی رۆڵ و پێگەی رووسیا لە وزەی جیهانیدا و هاوکارییەکانی مۆسکۆ بۆ وڵاتەکەی گووتی: هێشتا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ رووسیا هەیە، هەروەها رووسیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا غازیان بۆ خاکی باڵکانەکانی رۆژئاوا و کۆماری سڕبیا دابینکردووە.

سەرۆکوەزیرانی کۆماری سڕبیا، باس لەوە دەکات، "ئێستا بەڕاستی تێگەیشتم کە رووسیا زۆر بە خێرایی پەیوەندی لەگەڵ بەشێکی دیکەی جیهاندا دامەزراند و هەست بە هیچ ترسێک ناکەم بۆ رووسیای فیدڕاڵ لەم رووەوە، سەرۆک پوتن رایگەیاند، کە رووسیا بە هیچ شێوەیەک ئازار ناچێژێت".

هاوکات گوتیشی: "ئەوانەی سزایان بەسەر رووسیادا سەپاند، زیاتر لە ڕووسیا زیانیان پێدەگات، رووسیا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو خاڵی ئەرێنی زیاترن لە ماوەکانی پێشوو، لەڕاستیدا ئەوروپا ئێستا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، ئێمەش زەرەرمەند دەبین، هەرچەندە ئێمە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نین، چونکە رۆیشتنی بێ بەربەستی غازی رووسیا بۆ ناو باڵکانەکانی رۆژئاوا و خودی ئەوروپا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێگری لێدەکرێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا، هێشتا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ رووسیا هەیە". 

رادۆڤان ڤیشکۆڤیچ، ئەوەشی خستەڕوو"دڵنیام رووسیا وڵاتانی دۆست دەناسێت و پێزانینی هەیە بۆیان، واتە ئەو وڵاتانەی کە نەچوونەتە پاڵ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر رووسیا، کۆماری سڕبیا بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لەو سزایانە ناکات، هەروەها پێشبینی دەکەین لە ماوەی داهاتوودا سەرچاوە وزەییەکان بە نرخی گونجاو بۆمان بەردەست بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و ئابووریمان زیانییان پێنەکەوێت".

Fly Erbil Advertisment