كۆریای باكوور له‌سه‌ر جه‌نگی حه‌ماس و ئیسرائیل هاته‌ ده‌نگ

دیمه‌نێكی غه‌ززه‌ / وێنه‌: AP
دیمه‌نێكی غه‌ززه‌ / وێنه‌: AP

K24 – هەولێر:

کۆریای باکوور رەتیدەکاتەوە چەکەکانیان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە دژی ئیسرائیل بەکارهاتبن.

ئاژانسی هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کۆریای باکوور لەلایەن حەماسەوە لە دژی ئیسرائیل، بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە هەوڵێکن بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئەو رەخنانەی لە ئەمه‌ریکا دەگیرێن، لەبەرامبەر ئەو قەیرانانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستیکردوون.

لە چەندین میدیا و ئاژانسی رۆژئاوایی بڵاوکراوەتەوە، گوایە حەماس لە هێرشەکانی لە دژی ئیسرائیل مووشەکی ئێف-7ی دروستکراوی کۆریای باکووری بەکارهێناوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 799 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخه‌نەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.