سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی غەززە دەکات بە زووترین کات شارەکە بەجێبهێڵن

K24 - هەولێر
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی غەززە دەکات بە زووترین کات شارەکە بەجێبهێڵن و بەرەو باشووری غەززە بڕۆن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2023، ئاڤیغای ئادراعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، داوای لە دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد بە زووترین کات شارەکە بەجێبهێڵن و بەرەو باشووری شارەکە بڕۆن بۆ ئەوەی بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان نەکەون و ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە پەیامەکەی گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، "سوپای ئیسرائیل لە نێوان کاتژمێر 10:00ـی بۆ 16:00 رێگە بە چوونی هاووڵاتییان لەسەر هەردوو شەقامی بەحر و سەڵاحەددین بەرەو باشووری غەززە دەدات بەبێ ئەوەی زیانیانیان پێ بگەیەنێت. لە پێناو سلامەتیتان، لەم ماوەیەدا بەرەو باشووری غەززە بڕۆن لە (بەیت حانوونەوە تا خانیونس)".
ئاماژە بەوەش کراوە، "هەروەها رێگە بە دانیشتووانی رۆژئاوای زەیتوون دەدرێت لەسەر هەردوو شەقامی دەلدوول و سەنا بەرەو شەقامەکانی سەڵاحەددین و بەحر بڕۆن".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراوە.
میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوەش كردووە، فەرماندەكە ناوی (موراد ئەبو موراد)ـە و لەوكاتەی كە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوەندی فەرماندەیی حەماس بۆ ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان، كردووەتە ئامانج، کوژراوە. ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو فەرماندەیەی حەماس رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
لەبەرامبەردا بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.
رۆژی شەممە 7ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.