چوارچێوەی هەماهەنگی تاووتوێی ئاڵۆزییەکانی فەڵه‌ستین ده‌كات

K24 - هەولێر:

نوسینگەی راگەیاندی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانداری کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاووتوێی پرسی فەڵەستین کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدانەی هێرشی بەردەوامی زایۆنی و بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و گەمارۆی دڕندانەی سەر کەرتی غەززەیان کرد. 

هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارییەتی هەڵبگرێت و هێرشەکان بۆ سەر فەڵەستین بووەستێنێت و داواشیان لە پەرلەمانی عێراقی کرد پرۆژەیاسایەک بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژییانە ئامادە بکات.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.

6758

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.

هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.

لەلای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون و کۆچکردنی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە بەرەو ناوچەکانی باشوور بەردەوامە.

Fly Erbil Advertisment