ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەب و چەند ناوچەیەکی سووریای بۆردوومانکرد

فڕۆکەخانەی حەلەب
فڕۆکەخانەی حەلەب

K24 - هەولێر

ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەب و چەند ناوچەیەکی سووریای بۆردوومانکرد. بەهۆی بۆردوومانەکەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب ڕاگیراون.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، ئاژانسی هەواڵی سووری - سانا بڵاویکردەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی فڕۆکەخانەی حەلەب و چەند ناوچەیەکی سووریا کردووە.

سەرچاوەیەکی سەربازی کە زانیارییەکانی بە ئاژانسی هەواڵی سووری داوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بۆردوومانەکەی ئیسرائیل کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی رابردوو (شەممە، 14ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023)،  بۆسەر فڕۆکەخانەی حەلەب دەستیپێکردووە و زیانێکی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە، هەروەها بووەتە هۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنەدراوێکدا لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سووریا ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی لە نێو سووریاوە چەند مووشەکێکیان ئاراستەکراوە، وەڵامی مووشەکەکانیان داوەتەوە و خاڵی هەڵدانی مووشەکەکانیان لە سووریا بۆردوومانکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "ئەمەریکا بە پشتیوانی ئیسرائیل بەشدارە لە کۆمەڵکوژییەکان، هەورەها بەرپرسیارێتی قەیرانەکانی ناوچەکە لە ئەستۆی ئیسرائیلە". 

وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریکا و ئەوروپا دژی مافەکانی فەڵەستین پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، هەروەها ئەمەریکا و ئەوروپا رێگرن لە گەیاندنی خۆراک بە خەڵكی فەڵەستین.

فەیسەڵ میقداد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر ئیسرائیل و گوتی، "ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمەریکا هەوڵی فراوانکردنی بازنەی شەڕ لە ناوچەکە دەدات".