وەزیری ناوخۆی عێراق: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەبێ ستراتیژی هاوبەشمان هەبێت

K24 – هەولێر
وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق، رایگەیاند: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەبێ ستراتیژی هاوبەشمان هەبێت و دەمانەوێت لە سنوورەکانەوە رێگری لە ماددە هۆشبەرەکان بکەین.
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر گوتی: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەشدارم لە هەوڵێکی یەکخراودا بۆ ئەوەی بتوانین هەوڵەکانمان سەرکەوتووبن لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان هەڕەشەیەکی سەرتاسەرین، بۆیە پێویستە پێکەوە کۆببینەوە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە بنبڕ بکەین".
گوتیشی: "ماددە هۆشبەرەکان جێگەی نیگەرانین و پێویستە ببێتە کاری لەپێشینەی کاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک دیارە زیاتر گەنجان بوونەتە ئامانج و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتووی گەنجانی ئەم وڵاتە و کۆمەڵگەی مۆدێرن، لە رووی ئابووری، ئاسایش و هەموو رووێکەوە، بۆیە پێویستە پێکەوە کاربکەین و ستراتیژی هاوبەشمان هەبێت و رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، لە سەرەتادا دەبێ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین هۆکارەکان چین و دواتر لەسەر دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە هەوڵەکانمان یەکبخەین، چونکە لە پاڵ هەبوونی ئەو هەموو قەیرانانە ئەم قەیرانەش کاریگەری زیاتر دەکاتە سەر کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە لەگەڵ کەسانی شارەزا راوێژ و گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەوەی ستراتیژییەکی هاوبەشمان هەبێ و رووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە ببینەوە".
وەزیری ناوخۆی عێراق، راشیگەیاند: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ماددەی هۆشبەر، پێویستە هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان یەکبخەین، پلانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوکاری و هەماهەنگییە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی وەزارەتەکانی تر و لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانە، چونکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لایەنێکی سەرەکییە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و لەسەر خەتین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی ئەم هەڕەشەیە، دەمانەوێت لەلایەکانی دیکەی حکومیی و ناحکومی، هەروەها لە رێگەی یاساییەوە بەپێی ماددەی ژمارە 117ی بەرەنگاربوونەوە کار بۆ رووبەڕووی هەڕەشەکانی ماددە هۆشبەرەکان ببینەوە، دەمانەوێت لەسەر سنوورەکانیش بەشێوەیەکی باشتر رێگری لە هێنانی ماددە هۆشبەرەکان بکەین، دەشمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت بۆ شیاندنەوە لە رێگەی سەنتەرەکان".
عەبدولئەمیر شەممەری، ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێ لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشیاری زیاتر لەسەر هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوبکرێتەوە".