سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەزارەتی پەروەردە بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان رادەسپێرێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات، لە ماوەی 30 رۆژدا پلان و نەخشەرێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگە ئامادەبکات.

رۆژی یەکشەممە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی جیاجیا بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەبێتەوە و لە رووی هۆشیارییشەوە، وەزارەتی پەروەردەی بۆ هەڵمەتی هۆشیاریی زانستی لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان راسپاردووە.

لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دا هاتووە، "بە پێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11ـى تشرینی یەکەمی 2023، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگە راسپێردراوە". 

لەبارەی ناوەڕۆکی نووسراوەکەش، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "لە ماوەى 30 رۆژدا پلان و نەخشەڕێگەى وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە، تاکو کارى لەسەر بکرێت."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، ماددە هۆشبەرەکان لەسەر لایەنی تەندروستیی هاووڵاتییان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەڕەشەی گەورەن، بۆ بەرگرتن بەم دەرەنجامە نەخوازراوانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە پرۆسەى بەرەنگاریی یاسایی و ئاسایشی، دەیەوێت لەڕووى هۆشیاریی کۆمەڵایەتیشەوە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بەڕێوەچوو کە لەلایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرا.

لەلایەن خۆیەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکی ئەو کۆنفراسەدا ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی پەروەردە کاری کردووە لەسەر ستراتیژیەتێک کە پێی دەگوترێت، ستراتیژییەتی پەروەردەی خۆپارێزی، کە لە رێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە، بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی مەترسییەکانییەوە، بۆ قوتابیان رووندەکرێتەوە.