قائیمقامی هەولێر: سەتان هاووڵاتی مامەڵەی دروستکردنی خانوویان لەسەر زەوی سندووقی پێشکەشکردووە

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر

K24 - هەولێر

قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، سەتان هاووڵاتی مامەڵەی دروستکردنی خانوویان لەسەر زەوی سندووقی پێشکەشکردووە و ئێستا بەشێکی زۆریان رەزامەندی کۆتاییان وەرگرتووە و دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەر هاووڵاتییەک خاوەن زەوی سندووقی بێت و بیەوێت خانوو لەسەر پارچە زەوییەکەی دروستبکات، پێویستە پابەندی رێنماییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ببێت کە پێشتر راگەیەندراون".

بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، "لە سنووری قائیمەقامییەتی ناوەندی هەولێر و، تەنها لە ماوەی مانگێکدا، زیاتر لە 1300 داواکاریمان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ هاتووە بۆ ئەوەی خانوو لەسەر زەوییە سندووقییەکانیان دروستبکەن. لەو 1300 کەسە، نزیکەی 500 هاووڵاتی کارەکانیان تەواوکردووە و ئێستا خەریکە خانووەکانیان دروست دەکەن و رەزامەندی کۆتاییان پێ دراوە".  

قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پارچە زەوییانە کەوتوونەتە دەرەوەی حەرەمی گوندەکان، پێویستییان بە رەزامەندی پارێزگار هەیە، بۆیە پێویستە پارێزگاری هەولێر دوای ئەنجامدانی وەردەکاری و رێوشوێنی پێیوست، پەسندی بکات، دواتر نووسراوەکە ئاراستەی شارەوانییەکان دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن".

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی، "ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی زەوییە سندووقییەکان دەریکرد، باشترین بڕیاربوو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، چونکە هەزاران کەس ماوەی چەند ساڵێک بوو چاوەڕاوانی ئەو بڕیارەیان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن خانووەکانیان دروستبکەن".