بەشێک لە پێشکەشکارانی ماستەر و دکتۆرا داواکارییەک ئاراستەی خوێندنی باڵا دەکەن

K24 - هەولێر:

ژمارەیەک لە پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا بۆ بڕوانامەکانی (ماستەر و دکتۆرا) کە نمرەی توانستی زانستیان لە 10 بەرەو سەرەوەیە و کورسیی بەتاڵیان بۆ خوێندن نەماوەتەوە، داواکارییەک ئاراستەی خوێندنی باڵا دەکەن.

بەشێک لە پێشکەشکارانی ماستەر و دکتۆرا و ئەوانەی نمرەی توانستی زانستیان لە 10 بەسەرەوەیە و کورسی بەتاڵیان لە زانکۆکان بۆ نەماتەوە، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە.

ئەوان یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەت و خوێندنی باڵا کرد و سەرەکیترین داواکارییان بریتی بوو لە هەموارکردنەوەی رێنمایی ژمارە 9ی خوێندنی باڵا بۆئەوەی کورسییان پێبدرێت و بتوانن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن و ناچار نەبن بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەیان پەنا بۆ زانکۆکانی دەرەوە ببەن.