گەنجێکی کورد وەک نوێنەری عێراق بەشداری کۆڕبەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
K24 - هەولێر:
گەنجێکی کورد بەناوی رەمەزان شێروانی، وەک بەڕێوەبەر و نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری لە کۆڕبەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە ژاپۆن بەڕێوەچوو.
رەمەزان شێروانی لەبارەی کۆڕبەندەکەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، 18ـەهەمین کۆڕبەندی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی بەرێوەبردنی ئینتەرنێت لە ژاپۆن، رۆژی 8ـی ئەم مانگە لە شاری کیۆتۆ دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئۆکتۆبەر کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو کۆڕبەندەدا پرسەکانی مافی مرۆڤ، بەدیجیتاڵبوونی وڵاتان و چۆنییەتی پاراستنی داتای هاووڵاتییان تاوتوێ کران.
رەمەزان شێروانی گوتیشی: لەو کۆڕبەندەدا نوێترین جۆرەکانی زیرەکی دەستکرد ئاماژەیان پێدرا و نمایشکران.
لە کۆڕبەندەکەدا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و چەندین سەرکردەی دیاری وڵاتان ئامادەییان هەبووە.