ئازاد جندیانی: كورد هه‌موو رۆژێك ده‌بێت خۆی بۆ 16ـی ئۆكتۆبه‌رێكی دیكه ئاماده بكات

K24 – هەولێر:
رووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، یه‌كێكه له دیارترین و كاریگه‌رترین رووداوه‌كانی مێژووی سی ساڵی رابردووی كورد له باشووری كوردستان و له‌وه‌ته‌ی دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه خاكی رزگاركراوی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه، كه به‌خوێن و قوربانییه‌كی زۆره‌وه رزگار كرابوون، كه‌وته‌وه ده‌ست حكومه‌تی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامن. به‌رنامه‌ی باسی رۆژ له كوردستان24 كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌ده‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌لقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به میوانداری ئازاد جندیانی، سیاسه‌تمه‌دار تایبه‌ت كردووه به‌و رووداوه و هۆكار و لێكه‌وته و كاریگه‌ری و وانه‌كانی.
كوردستان24: شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر بۆچی روویدا؟
ئازاد جندیانی: ئه‌م پرسیاره دوو وه‌ڵامی هه‌یه. یه‌كه‌م، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری بارودۆخی ئه‌و كات بوون، ده‌بێت به راشكاوی و وه‌ك خۆی بابه‌ته روون بكه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ كه‌س پاساو بۆ خۆی نه‌هێنێته‌وه یاخود پێناسه‌یه‌كی دیكه بۆ ئه‌و رووداوه بكات. دووه‌م: په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ئایا رووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر له ئه‌نجامی كارێكی نه‌شیاو و دزێو روویدا، كه ناكۆك بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد؟ یاخود له‌سه‌ر بابه‌تێك بوو كه كورد سه‌د ساڵی تێكۆشانی بۆ كردووه، ئه‌گه‌رچی ناونیشانی ئه‌و تێكۆشانه له قۆناغێك و سه‌رده‌مێكه‌وه بۆ قۆناغ و سه‌رده‌مێكی دیكه جیاواز بووه؟ "ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌رچاوڕوونی و دیدگه‌یه نه‌بێت، هه‌موو قسه و باسه‌كان له‌باره‌ی رووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، قسه‌ی ئاسایی و نابابه‌تییانه و گوماناوی ده‌بێت."
كوردستان24: ئه‌گه‌ر پرسیارت لێ بكه‌ین و داوات لێ بكه‌ین، چۆن پێناسه‌ی رووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كه‌یت؟
ئازاد جندیانی: رووداوی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بریتییه له گه‌له‌كۆمه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه، كه هێز و لایه‌ن و كه‌سانی ناوخۆییش ده‌ستیان تێدا هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك له‌م سۆنگه‌یه‌وه عێراق "داش" بوو به ده‌ست ئه‌وانی دیكه‌وه، نه‌خاسمه كه خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆی نه‌بوو، تا ئه‌و راده‌یه‌ی قاسم سوله‌یمانی بڕیاری ده‌دا و عێراقی ئاراسته ده‌كرد، له كوێ هێز ده‌جووڵێنێت و له كوێ جێگیر ده‌بێت و له كوێ شه‌ڕ ده‌كات. "ته‌نانه‌ت لاهوور جه‌نگیش له په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و بابه‌ته به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی قاسم سوله‌یمانییه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ستا ره‌سووڵیش كه فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه بوو و ئه‌و كات له میحوه‌ره‌كانی كه‌ركووك به‌رپرسیاریه‌تی هه‌بوو، هه‌ندێك باسی له‌و شێوه‌یه‌ی هێنایه‌وه كه بۆ پاساو هێنانه‌وه بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریان هات، به‌ڵام زانیاریی نوێی دركاند، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئاراسته‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌كرد، عێراقی نه‌بوون و به فارسی قسه‌یان ده‌كرد." لێره‌دا پێویسته سه‌رنج بۆ ئه‌وه رابكێشین، كه ئایا ئه‌وانه‌ی به‌ڵێنیان وه‌رگرتبوو، كه به‌ره‌كانی شه‌ڕ چۆڵ بكه‌ن خواست و داواكارییه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئایا ئه‌وانه هیچیان ده‌ستكه‌وت؟
كوردستان24: مه‌به‌ستت چییه له پاساوی لاواز و گه‌یاندنی راستییه‌كان وه‌ك خۆی؟
ئازاد جندیانی: بێگومان ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه له‌ژێره‌وه ده‌ستیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی تێكه‌ڵ كردبوو و به فه‌رمانی قاسم سوله‌یمانی ئه‌و ده‌ستتێكه‌ڵكردنه‌یان كرد و ئێستاش پاساو بۆ ئه‌و رووداو و گه‌له‌كۆمه‌یه ده‌هێننه‌وه. "من پێشنیازیان بۆ ده‌كه‌م، له‌و بابه‌ته‌دا بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن باشتره، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌وباره‌یه‌وه پرسیاریان لێ بكرێت، باشتر وایه بێده‌نگ بن و بڵێن ئه‌وه‌ی روویدا، رووداوێك بوو، ئینجا ناوی ده‌نێن خیانه‌ت یان هه‌ر شتێكی دیكه، تێپه‌ڕی!" به‌جددی ئه‌وه‌ی روویدا، گه‌له‌كۆمه‌ی ده‌ره‌كی بوو به خیانه‌ت و ناپاكی باڵێك، كه رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هێزی ده‌ره‌كی كردووه!
كوردستان24: شتێك به رێككه‌وتن بێت، قوربانی و شه‌هیدی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؟
ئازاد جندیانی: به‌ڵێ، بۆ نا؟ به‌ڵێ ئه‌مه ده‌بێت، من له سه‌ركردایه‌تی حزبێك بوومه، هه‌میشه ئه‌و پرسانه له‌گه‌ڵ هه‌مووان باس نه‌كراوه. ئه‌وانه‌ی ئه‌و كات رێككه‌وتنه‌كه‌یان كردووه له پۆستی باڵادا نه‌بوون، تاوه‌كوو بچن رێككه‌وتنێكی له‌و شێوه‌یه بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وان له مه‌كته‌بی سیاسی‌دا نه‌بوون. له غیابی مام جه‌لالدا بڕیاردان له ده‌ستی ده‌سته‌یه‌ك بوو، نه‌ما و كۆتایی پێ هێنرا و كه‌وته ده‌ست كه‌سانی دیكه، ئه‌وانیش پاساوی خۆیان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان.
كوردستان24: هه‌ندێك ده‌ڵێن؛ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كرابا، 16ـی ئۆكتۆبه‌ر رووی نه‌ده‌دا؟
ئازاد جندیانی: ئه‌گه‌ر وابێ ده‌بێت بڵێین ئه‌گه‌ر له 1921ـوه ئه‌گه‌ر شۆڕش و كوردایه‌تی نه‌كرابایا، ئه‌یلوولی ره‌شی 1930 له به‌رده‌م ده‌ركی سه‌را له سلێمانیش رووی نه‌ده‌دا. نه‌خێر شۆڕشكردن بریتی نییه به گوڵبارانكردن، به‌ڵكوو بریتییه له قوربانیدان به هه‌موو شتێك. بۆیه له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ریفراندۆم بریتییه له درێژه‌دان به شۆڕشی سه‌ربه‌خۆخوازی كورد، ته‌نانه‌ت قۆناغی هه‌ره‌پێشكه‌وتووی شۆڕشی كورده.
كوردستان24: كه‌واته 16ـی كاردانه‌وه‌ی ریفراندۆم بوو؟
ئازاد جندیانی: ئه‌وان ئه‌مه بۆ پاساو وا ده‌ڵێن، كه پاساوهێنانه‌وه‌ش مافی خۆیانه، به‌تایبه‌ت كه كه‌سێك تۆمه‌تبار بێت، بۆی هه‌یه به‌رگری له خۆی بكات، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رگرییه‌ی ئه‌ودا، خه‌ڵكی دیكه هه‌یه راستیی دیكه‌ی پێیه و ئاشكرای ده‌كات.
كوردستان24: په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به حكومه‌تی عێراقه‌وه چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه هه‌یه؟
ئازاد جندیانی: وه‌ك چۆن 16ـی ئۆكتۆبه‌ر په‌یوه‌ندی به رابردووی تێكۆشانی ئێمه‌وه هه‌یه، وه‌ك چۆن له رابردوودا عه‌بدوسله‌لام عارف گوتی "كۆتییمان به هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و یاخیبوونی بارزانی هێنا" به‌هه‌مان شێوه‌یه "عه‌بدولئیلاهـی وه‌صی عێراق میدالیای به عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له 1945 گوایه كۆتایی به تێكۆشان و شۆڕشی دووه‌می بارزان هێنا! هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه بوو سه‌دا حوسێن سازشی بۆ شای ئێران كرد و سه‌ری بۆ شۆڕ كرد و گوتیان جارێكی پێشمه‌رگه ناچێته‌وه شاخ ته‌نانه‌ت گوتیان "ئه‌گه‌ر دارخورما له‌سه‌ر سه‌رمان بڕوێ، پێشمه‌رگه ناچێته‌وه شاخ، كه‌چی هه‌ر دوای چه‌ند مانگێك له نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له 1975، پێشمه‌رگه خۆی رێكخسته‌وه و ده‌ستی به خه‌بات كرده‌وه."
كوردستان24: كورد به‌ر له ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی خه‌ریك بوو له‌سه‌ر زۆر شت رێكبكه‌وێت!
ئازاد جندیانی: نه‌خێر، تۆ ده‌بێت ئه‌مه بۆ روون بكه‌یته‌وه، ئاخۆ كورد له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو شته له‌گه‌ڵ به‌غدا چۆن رێككه‌وت؟ نه‌خێر، ئه‌وه‌ی كراوه و له‌و باره‌یه‌وه گوتراوه، بریتی بووه له گوتارێكی میدیایی، چونكه ده‌رفه‌تی دیكه‌مان نه‌بوو و به ناچاری چوونه ژێر باری ئه‌وه‌ی ناونراوه رێككه‌وتن، كه رێككه‌وتنێكی میدیاییه! به مانایه‌كی دیكه رێككه‌وتنێكی تاكتیكی بووه.
كوردستان24: كورد له دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌بێت چی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی رووداوێكی هاوشێوه نه‌بێته‌وه؟ ئایا پێوستمان به 16ـی ئۆكتۆبه‌رێكی دیكه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه دۆخی پێش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر؟
ئازاد جندیانی: ئێستا گۆڕانێكی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی دنیادا هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك دنیا به‌ره‌و ئاراسته‌ی چه‌ندجه‌مسه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه و خه‌ریكه كۆتایی به تاكجه‌مسه‌ری و دووجه‌مسه‌ری دێت! بۆ نموونه جه‌نگی ئۆكرانیا و رووسیا، هه‌روه‌ها جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، ئه‌مانه جه‌نگی كه‌م نین! ئه‌م قسه‌ی ئیسرائیلییه‌كان كه ده‌ڵێن "نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕین" قسه‌یه‌كی كه‌م نییه و جێی بایه‌خه، یان ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه چه‌ند له‌مه‌وبه‌ر ناوی نا پلانی "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" ئێستا خه‌ریكه رووخساری ئه‌و رۆژهه‌ڵاته‌ی ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستی بوو ده‌رده‌كه‌وێت! "ئه‌وه‌ی گرنگه، ئێمه ده‌بێت هه‌موو رۆژێك ئه‌وه‌مان له‌بیر و له‌به‌رچاو بێت، كه رووداوێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیابارانكردنێك دژی كورد هه‌یه."