مۆڵهتی مانەوەی سهربازانی تورکیا لە سووریا و عێراق بۆ دوو ساڵی دیکە پەسەندکرا

K24 – هەولێر:
پێشنیازی مۆڵەتی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە سووریا و عێراق بۆ دوو ساڵی دیکە لە پەرلەمانی تورکیا پەسەندکرا.
پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ كۆبووهوه و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێشنیازی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بۆ مانەوەی سەربازانی ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بوو.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆ دهستیپێكرد و به گوێرهی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان، چاوەڕێ دهكرا پێشنیازەکە پەسەند بکرێت، چونکە جگە لە پارتی گەلی کۆماری و پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان هەدەپ، سەرجەم لایەنەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ پێشنیازەکە راگەیاندبوو.
پێشتریش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەهۆی پێکدادان و شەڕی پەکەکەوە زیاتر لە 800 گوندی هەرێمی کوردستان خاپوور بوون و نەمانتوانیووە دەستی ئاوەدانیان بۆ ببەین.
رۆژی 4ـی تشرینی یهكهمی 2023 سابت عهباسی وهزیری بهرگری عێراق به سهردانێكی فهرمی و به داوهتی یهشار گولهری وهزیری بهرگری توركیا گهیشته ئهنقهره و وەزارەتی بەرگری تورکیا لهمبارهیهوه رایگەیاندبوو: ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە عێراق مافێکی رەوایە.
ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.