گۆتێرێس: هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نابێتە پاساو بۆ سزادانی بەکۆمەڵی فەڵەستینییەکان

K24 - هەولێر

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس "ناتوانن پاساو بۆ سزادانی بەکۆمەڵی خەڵک بهێننەوە"، دوای بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی  لە کەرتی غەززە، داوایکرد دەستبەجێ شەڕ رابگرن.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆڕبەندی پشتێن و رێگا، لە پەکینی پایتەختی چین گوتی: "داوا دەکەم دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە مرۆییانەی کە ئێمە دەیبینین".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕەزایی خۆی لە کوژرانی سەدان کەس لەو ئەنجامی بۆردومانی ئەو نەخۆشخانەیە دەربڕی کە شەوی رابردوو لە کەرت غەززە کرایە ئامانج.

گۆتێرێس داوای لە بزووتنەوەی حەماس کردووە، دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئەو کەسە رفێنراوانە ئازاد بکەن، داواشی لە ئیسرائیل کردووە رێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بڕوات.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، کاترین روسیل دەڵێت: "هەست بە نارەحەتی دەکەم، دوای ئەوەی هەواڵی مردن و برینداربوونی منداڵانم لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە بینی".

روسیل لەراگەیەندراوێکدا گوتی: "من هەست بەشەرمەزاری دەکەم، لەو هەواڵانەی باس لە کوژران و برینداربوونی منداڵان و ژنان دەکەن، لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە، لە کاتێکدا هێشتا بەدوای تەرمەکاندا دەگەڕێن، دیمەنەکان وێرانکەرن".

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها لە ماوەی 11 رۆژدا سەدان منداڵ بە شێوەیەکی کارەساتبار گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بە هەزارانی دیکە برینداربوون، زیاتر لە 300 هەزار منداڵیش ئاوارە بوون.

روسیل هۆشداریدا و جەختیکردەوە، "هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی وەک نەخۆشخانەکان قبوڵکراو نییە، دەبێت لە ئێستاوە بوەستێت، یونیسێف داوای بەپەلەی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵان لە زیانەکان دەپارێزرێن، هەروەها ئاسانکاری مرۆیی سەلامەت لە کاتی خۆیدا بکرێت، بۆ ئەوەی منداڵان دەستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان بگات".

شەوی رابردوو، ئیسرائیل نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە بۆردومانکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 500 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، ئەو هێرشە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسیارە لەو بۆردومانە.