جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە

لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە
لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە ئەمەریکا هیچ مەرجێکی بەسەر وەزارەتەکەیاندا سەپاندبێت. جەختیش لەوە دەکاتەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و قۆناغی زۆر باش لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بڕاوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن و ئەوان پلانی خۆیان بۆ هەردوو ساڵی 2024 و 2025ـیش بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووی لۆجیستی، راهێنان و پڕچەککردنەوە ئامادەکردووە".

ڕای ئەمەریکا لەبارەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە

لەبارەی چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر گوتی: "ئەمەریکا دەبینێت قۆناغی زۆر باش لە بواری رێکخستنەوەی هێزەکان و هێنانیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بڕاوە. لەوانەیە هەندێک گلەییان هەبێت لە هێواشی پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکان، بەڵام بەو شێوەیەش نییە کە لە میدیاکاندا باس دەکرێت".

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە ئەمەریکا هیچ مەربجێکی بەسەر وەزارەتەکەیاندا سەپاندبێت و دەڵێت، "تا ئێستا گوێمان لە هیچ مەرجێکی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەبووە؛ واتا مەرج بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەدا بسەپێنێت و بڵێت، ئەگەر وا مەکەن، وا دەکەین. شتی وانییە، ئەوەی هەیە تەنها زیاتر هاندانە بۆ ئەوەی هەردوو حزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکەن".

لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ئەوەشی خستەڕوو: "دڵنیاین و گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا هەردوو یەکەی 70 و 80 یەکدەگرنەوە، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە شاهیدی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەوانەی چاودێری کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، کارێکی زۆرباش کراوە و قۆناغی زۆرباشمان بڕیوە".

بە گوتەی جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، "لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 14 لیوا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوون، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیومانە شەش بۆ حەوت لیوا بێجگە لە هەردوو فەرماندەکانی پشتیوانی بخەینە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و ئامادە و پڕچەکیشیان بکەین".

دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان

لەبارەی پێکهێنان و دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان؛ لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ئاماژەی بەوە دا، "پێکهێنانی ئەو لیوایانە لە بنەڕەتدا پێشنیازی ئەمەریکا بووە و پاشان لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان کاریان لەسەر کردووە و ئیشەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە".

وەکو ئەوەی جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە باسی دەکات، "هەندێک دواکەوتن (لە دەستبەکاربوونی لیواکان) هەیە، ئەمەش بەهۆی پرسی کارگێڕی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق؛ ئەگەر نا لایەنی کوردی ئامادەیە، لیستی ناوی هەردوو لیوای یەک و دوو کە دەکاتە لیوای 20ـی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکردووە، لە وەزارەتی دارایی عێراقیش ئامادەکارییەکان تەواوبوون و لەوانەیە لە مانگی 11 مووچەی یەکەم مانگیان وەربگرن".

بە گوتەی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، "لیوای 20ـی هاوبەش، پێشمەرگەی کۆنی وەزارەتی پێشمەرگە و نوێی تیایە و، دەچنە ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لەلایەن لیژنەیەکی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دیاریکراون".

 

Fly Erbil Advertisment