بەلجیکا قاچاخچییەکی کورد بە 11 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدات
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای تاوانەکانی بەلجیکا، بەتۆمەتی سەرپەرشتیکردنی باندێکی مافیایی و بە قاچاخبردنی مرۆڤ، سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی بۆ هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی بەریتانیا بەناوی حەمە خۆشناو دەرکرد.
زیاد لە ساڵێک لەمەوبەر، حەمە خۆشناو لەلایەن گرووپێک لە هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا کە پێکهاتبوون لە پۆلیسی هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکا.
ناوبراو خۆی وەک هیوا رەحیمپوور و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ناساندبوو، لە رۆژهەڵاتی لەندەن نیشتجێ ببوو و مافی مانەوەی لە بەریتانیا پێدرابوو.
پێگەی سکای نیوزی بەریتانی رایگەیاند، دادگاییکردنی ئەو گەنجە بە یەکێک لە گەورەترین دادگاییەکان دادەنرێت لەسەر پرسی بەقاچاخبردنی پەنابەران کە لە کۆی 21 تۆمەتبار، 20 کەسیان تۆمەتەکانیان لەسەر ساغ بووەتەوە.
ئەو باندە مافییەی کە حەمە خۆشناو سەرپەرشتی کردووە، بەوە تاوانبارکراوە کە نزیکەی 10 هەزار کەسیان لە ئاوی کەناڵی ئینگلیزیەوە پەڕاندووەتەوە بۆ نێو خاکی بەریتانیا.
ئەو قاچاخچیە کوردە و باندەکەی نزیکەی شەش هەزار پاوەندیان لە هەر بەلەمێک وەرگرتووە کە پەنابەرانی گواستووەتەوە بەریتانیا کە کۆی گشتی قازانجەکەیان لە هەر گەشتێکدا زیاتربووە لە 200 هەزار پاوەند.
ئەو باندە هەروەها لە سۆشیاڵ میدیا و چەندین رێگەی دیکەوە کاریان کردووە بۆ راکێشانی ئەو کەسانەی کە دەخوازن بەرێگەی قاچاخ بگەن بە بەریتانیا.
حەمە خۆشناو رەتی کردووەتەوە کە ئەو رۆڵی سەرەکی هەبووبێت لە کارەکانی ئەو باندەدا و رایگەیاندووە، ئەو بەرپرسی کارەکان نەبووە و تەنیا کاری ئەو رێکخستنی شێوازی پارەدانەکە بووە لە نێوان ئەو کەسانەی ویستیوویانە بگەن بە بەریتانیا لەگەڵ قاچخچیەکان.
ئەو هاوڵاتییە کوردە لە ساڵی 2016 داوای مافی پەنابەریەتی لە بەریتانیا دەکات، دوای ئەوەی رایدەگەیەنێت کە لە ئێرانەوە بە قاچاخ خۆی گەیاندووەتە وڵاتەکە بە بیانووی ئەوەی لە دەست زوڵم و ستەمی وڵاتەکە رایکردووە، بەڵام سکای نیوز باس لەوە دەکات، ئەو قاچاخچیە کوردە کاتێک گەشتووەتە بەریتانیا ناسنامەی راستەقینەی خۆی ئاشکرا نەکردووە لە کاتێکدا ئەو ناوێکی دیاری تۆڕی قاچخچێتی بووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی سکای نیوز، ئەو گەنجە خەڵکی هەرێمی کوردستان و شاری هەولێرە و هۆکاری ئەوەش کە خۆی وەک هاوڵاتییەکی ئێرانی ناساندووە بۆ ئەوە بووە کە ئاسانتر مافی پەنابەری وەربگرێت.
کەناڵی ئینگلیزی، رێرەوێکی ئاوییە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا کە ساڵانە هەزاران پەنابەر لە رێگەی بەلەمی بچووک و چووپەوە لێیەوە هەوڵی گەیشتن بە بەریتانیا دەدەن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پێشبینی کردووە کە تەنها لە ساڵی 2023، نزیکەی 85 هەزار کەس بەو رێگە ترسناکەدا هەوڵییان دابێت خۆیان بگەیەننە وڵاتەکە.