سەرۆکی دامەزراوەی رایەڵ: هەڕەشە لە خۆم و ئەندامانی دامەزراوەکەم دەکرێت

K24 - هەولێر
دوای ئەوەی دامەزراوەی ڕایەڵ نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کولتوورە جیاوازەکانی لە شاری رانیە ئەنجام دا، هەڕەشە لە سەرۆک و ئەندامانی دامەزراوەکە دەکرێت. سەرۆکی دامەزراوەکە دەڵێت، "سکاڵای یاسایی لەسەر ئەوانە تۆماردەکەین کە هەڕەشەمان لێ دەکەن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، خالید قادر، سەرۆکی دامەزراوەی ڕایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای ئەوەی دامەزراوەکەمان نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان لە رۆژانی 13 بۆ 15ـی ئۆکتۆبەر لە رانیە ئەنجام دا، بەهۆی بەشدارپێکردنی گرووپی غانا کە سەمایەکی ئەفریقیی پێشکەش کرد، هەڕەشەی جۆراوجۆر لە خۆم و ئەندامانی دامەزراوەکەم دەکرێت".
خالید قادر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو چەندین پەیجی نێو سۆشیاڵ میدیا، کەسایەتی و بانگخوازی ئایینی لە سنووری دەڤەرەکە هەڕەشەیان لێ کردوون و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی کار لەسەر تێکدانی بەها و ئەخلاقی کۆمەلایەتی و پیرۆزییە دینییەکان دەکەن و، دەڵێت، "ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە و ئەوانە دەیانەوێت سیما و جوانییەکانی کۆمەڵگە تێکبدەن و نەهێڵن".
سەرۆکی دامەزراوەی ڕایەڵ گوتیشی، "لە دوای فێستیڤاڵەکە ئەو پەیج و کەسایەتییەکانی نێو سۆشیاڵ میدیا بێڕێزییەکی زۆریان بە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و گرووپی غانا کردووە و تەنانەت بەشێکیان داوای (موجاهیدێک) واتە تیرۆرستێک دەکەن کە بێتە دەنگ و تۆڵە بکاتەوە". گوتیشی، "وێنەی پۆستی هەموو ئەو پەیج و کەسایەتییانەمان گرتووە و سبەی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆماردەکەین و دەیاندەینە دادگا".
خالید قادر ئەوەشی خستەڕوو: "هەندێک دەنگی ناشاز دەست بۆ ئازادی، كەلتوور و مافی گەلانی دیكە دەبەن لە ئایدیۆلۆژیایەكی فاشیانەی دوور لە كوردەواری دەكەونە فەتوای حەرامكردن و سڕینەوە، كە بێگومان ئەم تێگەیشتنە هی نەیارانی كورد و كولتورە كراوەكەیەتی، بە بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتن و خوێندنەوەیەكی هونەریانەیان بۆ كەلتوور، فەرهەنگ و نەریت و نمایشی وڵاتانی دیكە هەبێت. بێگومان خواستی داخرانی كەلتووری، كۆمەڵایەتی و بارهێنانی نەوەیەكی توندڕەو دژ بە جیاوازییە ناوخۆیی و جیهانییەكان ئامانجی سەرەكییانە".