لەسەر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ دەستیپێكردەوە

K24-هەولێر

لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ دەستیپێکردەوە، كه‌ ئاوی زیاتر لە 100 هەزار کەس له‌ دانیشتوانی ئاکرێ دابیندەکات.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، به‌ كوردستان24ـی راگەیاند، بەربەستە داراییەکان و خەرجكردنی مافەكانی كۆمپانیای جێبەجێكار و كێشە تەكنیكی و كارگێڕیەكانی پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ،‌ لەسەر بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی چارەسەركران.

بەپێی زانیارییه‌كانی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، بڕی 109.002.136.350 دینار  بۆ پرۆژەكە خەرج دەكرێت.

پرۆژەی ئاوی ئاكرێ‌ توانای بەرهەمهێنانی 3000  مەتر سێجا ئاوی لە كاتژمێرێكدا هەیە، رێژەی 51%ـی پرۆژەکە جێبەجێكراوە، بە جێبەجێكردنی بڕگەی بۆریش رێژەی ئەنجامدانی بەرزدەبێتەوە بۆ 82%، لەگەڵ ئەوەی كارە شارستانیەكانیشی 91% تەواو بووە.

پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ بە هۆی بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و  بڵاوبوونه‌وه‌ی پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە ئابووریەکانی وەستا بوو.

k.H

67ع
Fly Erbil Advertisment