مەسرور بارزانی: دەبێت هێزەکانی ناوخۆ و هاووڵاتییان تەواوکەری یەکتربن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی (خولی شەهید سەرکەوت ئازاد)ی دەرچووانی پۆلیسی هەولێر تایبەت بە (هەڵکوتانەسەر و گەمارۆدان و ئازادکردنی بارمتە) بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی گرنگی ئەرکی کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە،لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن و چۆن سەرپێچیکاران و تاوانبارانيش ملکەچی بەردەم دادگا دەکەن.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "خۆشبەختانە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە کە بووەتە دەسکەوت و سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوکاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندو تۆڵەی نێوان خەڵکی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەکانی مەشقکردن و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ، کارێکی پێویست و گرنگە و هيوادارم لە سەری بەردەوام بن ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە ، ئەرکەکانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزن". 

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی باسی دەکات، "ئەمڕۆ جیهان لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان، خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان ڕابهێنن و لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرن کە بە دڵنیاییەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ دەکات و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن."

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا:
ئەم کاتەتان باش

پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گشت دەرچووانی ئەم خولە دەکەم . هیوادارم ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردن و پێشخستنی تواناکانی کارمەندانی پۆلیس.

ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەیە و دەستخۆشیان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونی و دڵسۆزیی و کارامەییان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. من خۆم لە نزیکەوە شاهید و ئاگاداری هەوڵ و خزمەتی بەرچاوی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆم کە زۆر خۆنەویستانە و لە بارودۆخی سەخت و دژواردا، ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.

بەشێکی گرنگی ئەرکی کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی ئاسایش و تەناهی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیریی و نەهێشتنی تاوان و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە چۆن بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتییان بە گشتی دەکەن و چۆن سەرپێچیکاران و تاوانبارانيش ملکەچی بەردەم دادگا دەکەن .

هەروەها کارمەندانی پۆلیس، کە نوێنەرایەتی دەسەڵات و باڵادەستبوون و سەروەری یاسا دەکەن، دەبێ نموونەیەکی جوان و گەشی دەسەڵات بن لای هاووڵاتییان، بەتایبەتی کە ئێوە ڕۆژانە لە نزیکەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆتان لەگەڵ خەڵکدا هەیە، پێویستە لە ڕەفتارکردن لەگەڵ خەڵک، خۆتان لە توندوتیژی و ئەزیەتدان و زوڵم و ستەم کردن و هەموو کارێکی نایاسایی بەدوور بگرن ، هاونیشتمانیان دەبێ ئێوە بە بەشێک لە خۆیان بزانن و هەردوولا تەواوکەری یەکتر بن لە پێناو ئامانجێکی هاوبەش، کە ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییانە.

خۆشبەختانە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە کوردستان هەیە کە بووەتە دەسکەوت و سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەو هەماهەنگیی و هاوکاریی و پەیوەندییە بەهێز و توندو تۆڵەی نێوان خەڵکی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان دەگەڕێتەوە.

پۆلیس و هێزەکانی تری ئاسایشی ناوخۆ ، نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک و نەرمییەک بنوێنن لە بەرامبەر تاوانباران و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان تێک بدەن و ژیانی هاووڵاتیان بخەنە مەترسییەوە .

ئەمڕۆ جیهان لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنەلۆجیادایە، پێویستە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان، خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکان ڕابهێنن و لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرن کە بە دڵنیاییەوە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ دەکات و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لە بەدواداچوونی تاوانباران و سەپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەدەست بهێنن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجامدانی خولەکانی مەشقکردن و ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی و پیشەیی پۆلیس و سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ، کارێکی پێویست و گرنگە و هيوادارم لە سەری بەردەوام بن ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین و شایستەترین شێوە ، ئەرکەکانتان بە جێ بگەیەنن و ئارامی و سەقامگیریی بپارێزن .

جارێکی دیکەش پیرۆزبایی دەرچوونتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم و دڵنیام بە پشتیوانی خوای گەورە و هیممەت و دڵسۆزی و کارامەیی ئێوە، کوردستانمان هەمیشە پارێزراو دەبێت