باڵیۆزی ژاپۆن: زیاتر لە هەزار قوتابیی شنگال بەهۆی رێگری پەکەکەوە ناتوانن بخوێنن

K24 – هەولێر:
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، رایگەیاند، قوتابخانەیەکیان لە شنگال دروستکردووە، ماوەی ساڵێکە زیاتر لە هەزار قوتابی ناتوانن لەو قوتابخانەیە بخوێنن بەهۆی ئەوەی گرووپی چەکدارانی پەکەکە قوتابخانەکەیان داگیرکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند،" ئێمە لە قەزای شنگال قوتابخانەیەکی زۆر جوانمان دروستکردووە بەناوی "زریڤا ئوسی"، ماوەی ساڵێکە زیاتر لە هەزار قوتابیی لەو قەزایەدا ناتوانن ئەو قوتابخانەیە بەکاربهێنن بەهۆی ئەوەی گرووپی چەکدارانی پەکەکە داگیریان کردووە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە".
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، دەڵێت: ئێمە نازانین کە بۆچی ئەم قوتابخانەیە داگیرکراوە، هاوکات هیوادارە ئەم قوتابخانەیە رادەست بکرێتەوە بۆ ئەوەی قوتابییان بتوانن لێی سوودمەند بن.
خدر خدێدە رەشۆ:حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر داگیرکارییەکانی پەکەکە لە شنگال نیە
خدر خدێدە رەشۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ لەبارەی داگیرکردنی قوتابخانەکەی شنگالەوە رایگەیاند، لە راستیدا گرووپی چەکدارانی پەکەکە جگە لە قوتابخانەی " زریظا ئوسی" چەندین شوێنی دیکەشیان داگیرکردووە، لەوانە باڵەخانەکانی شارەوانی گرعوزێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال.
بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، ئاماژەی بەوەدا، لە قەزای شنگال چەکدارەکانی پەکەکە بەردەوامن لە داگیرکاری و حکومەتی عێراقیش هیچ هەڵوێستێکی نییە لەسەر ئەو داگیرکارییە و فەرمانی چۆڵکردنی ئەو شوێنانەی تا ئێستا دەرنەکردووە.
خدر خدێدە رەشۆ، باسی لەوەشکرد، چەکدارەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی دەسەڵاتی تەواویان هەیە لە قەزای شنگال و داگیریان کردووە، هەر ئەوانیش هۆکارن کە وایکردووە تا ئیستا ئاوارەکان نەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان، مانەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەش هەمیشە وادەکات ئەو ناوچەیە سەقامگیر نەبێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی گرعوزێر، دەڵێت: بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال تا ئێستا وایکردووە ئەو گرووپە چەکدارانە لە شنگال بمێننەوە، هەروەها حکومەتی عێراق لەژێر فشاری هەندێک وڵاتی دراوسێ نایەوێت ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێ بکات.
خدر خدێدە رەشۆ، سەرنجی خستەسەر ئەوەش، هەندێک وڵاتی دراوسێ سوودمەندن لە ئاسایینەکردنەوەی دۆخی شنگال، بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک بازرگانی نایاسایی لەو ناوچەیە ئەنجامدەدەن کە بووەتە هۆێ سەرچاوەی داهاتێکی باش بۆیان.
رێککەوتنەکە چی لەخۆدەگرێت؟
رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە، بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.
لە تەوەری کارگێڕیدا، جەخت لە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوەتەوە بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، دوای ئەوەش پێداچوونەوە بکرێت بە سەرجەم پۆستە کارگێرییەکانی دیکە لەلایەن ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێندرێت.
هاوکات رێککەوتننامەکە ئاماژەی بە دامەزراندنی دوو هەزار و 500 کەس کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزاکە کە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان پێکبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رێککەوتننامەیە بە روونی باس لە کۆتاییهێنان بە بوون و رۆڵی پەکەکە و رێکخراوە پاشکۆکانی لە قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات
حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکەن
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردووەتەوە و یەکێکیش بووە لە داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەمەش لە کارنامەی کابینەکەی سوودانیدا جێگیرکرا و لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا له سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانی رایگەیاند، ئەمهریکا تەواو پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی سەروەری عێراق و ئاماژەی بەوەشکرد، "کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردن و دروستکرنی کۆسپی سیاسی لەبەردەم رێککەوتنی شنگال قەبوڵکراو نییە".