یهكێتیی تۆپی پێی ئهوروپا تا كاتێكی نادیار سهرجهم یارییهكانی له ئیسرائیل ههڵپەسارد

K24 – هەولێر:
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا "یوفا" سەرجەمی یارییەکانی کە لە ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد و رایگەیاند، هۆکاری هەڵپەساردنی یارییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دۆخی سەلامەتی و ئاسایشی ئێستا لە سەرانسەری ئیسرائیل، بڕیاردرا، هەر یارییەکی پاڵەوانێتییەکە، کە لە ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت تا کاتێکی نادیار هەڵپەسێردرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو یانانەی ئیسرائیل کە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکەن، وەک ماکابی هەیفا و ماکابی تەلئەڤیڤ، ئەو یارییانەی کە بڕیارە لەناو یاریگای خۆیان لە ئیسرائیل ئەنجامیبدەن، پێویستە پێشنیازی یاریگای دیکە بکەن لە دەرەوەی وڵاتی ئیسرائیل".
هۆکاری هەڵپەساردنی یارییەکانیش لەناو یاریگاکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 13 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ هەزار و 785 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.