موقەدەم مامەند ساڵح: سیستەمی غازی LPG زۆر سەلامەتە ئەگەر بە سەلامەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت
K24 - هەولێر:
سەبارەت بە بەستنی سیستەمی سیستەمی غازی LPG یان (شۆفاژ) بەرپرسی ئەو سیستەمە لە بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت: سیستەمەکە زۆر سەلامەتە ئەگەر بە سەلامەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
موقەدەم مامەند ساڵح، بەرپرسی سیستەمی غازی LPG لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا 13 کۆمپانیا لە هەولێر لەژێر چاودێری بەرگری شارستانی کاری دانانی سیستەمی غاز و شۆڤاژ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، کۆمپانیاکان خۆیان پشکنین بۆ سیستەمەکە دەکەن بەڵام لەژێر چاودێری بەرگری شارستانیدا.
موقەدەم مامەند روونیکردەوە، کۆمپانیاکان کاتێک سیستەمەکە لە شوێنێکدا جێگیر دەکەن، پشکنینی خۆیان دەکەن و ئەنجامەکەشی پێشکەشی نزیکترین بنکەی بەرگری شارستانی ئەو شوێنە دەکەن کە سیستەمەکەی لێجێگیر کراوە، دواتر تیمی بەرگری شارستانی دووبارە پشکنین بۆ سیستەمەکە دەکەنەوە، هەر سیستەمێکش لە پشکنینی بەرگری شارستانی دەرنەچێت، رێپێدانی نادرێتێ بۆ وەرگرتنی غاز و کارپێکردنی.
بەرپرسی سیستەمی غازی LPG لە بەرگری شارستانی هەولێر جەختی کردەوە لەوەی، کۆمپانیاکان دەبێت سێ مانگ جارێک پشکنینی سەلامەتی بۆ ئەو سیستەمانە بکەن کە لە ماڵان و شوێنەکانی دیکە بەستویانە، هەر کۆمپانیایەکیش بەرپرسیارە لەو سیستەمەی کە دەیبەستێت.
وەک موقەدەم مامەند ئاماژەی پێدا، سیستەمی شۆفاژ یان غازی LPG زۆر سەلامەتە ئەگەر بە سەلامەتی ببەسترێت و پشکنینی ساڵانەی بۆ بکرێت.
گوتیشی: کاتی دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان و شوێنەکانی دیکە، دیاریکراوە و نابێت لە کاتی قەرەباڵغیدا ئەم کارە بکرێت.