پارێزه‌ری دۆسیه‌كه: ده‌ستێك له‌پشت كوشتنی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی دهۆك له شاری نسێبین هه‌یه

لە دادگای مێردین‌ی باکووری کوردستان، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەچوو، هاوكات پارێزه‌ری ماڵباتی قوربانییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌وه دووه‌مین پڕۆسه‌ی دادگاییكردنه كه له مانگی ته‌ممووزیشدا دانیشتنی یه‌كه‌م ئه‌نجام دراوه، ده‌شڵێت ده‌ستێك له پشت ئه‌و رووداوه هه‌یه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) شێخ مووس، پارێزه‌ری ماڵباتی قوربانییه‌كانی دهۆك كه شاری نسێبین له باكووری كوردستان له توركیا كوژران تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌وه دووه‌مین پڕۆسه‌ی دادگاییكردنه كه له مانگی ته‌ممووزیشدا دانیشتنی یه‌كه‌م ئه‌نجام دراوه.
ئه‌و پارێزه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ست ده‌كه‌ن ده‌ستێك له پشت ئه‌و رووداوه هه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆی پێویست له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌رده‌ستدایه. جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام دراوه، تاوانی كۆمه‌ڵكوژی بووه.
شێخ مووس روونیشیكرده‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه پێنج كه‌س له دادگانه و دوو كه‌سیشیان تاوانبار كراون. گوتیشی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵباتی تاوانلێكراوهكان له هه‌رێمی كوردستانن، بۆیه دادگاییكردنه‌كه بۆ ساڵی 16ـی كانوونی دووه‌می 2024 دواخرا.
هه‌ر ئه‌مڕۆ لە دادگای مێردین‌ی باکووری کوردستان، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەچوو.
حەربی جەلالەددین نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانییەکان، به کوردستان24ـی راگەیاند، دانیشتنی دادگا لە کاتژمێر 9:00ـی سەر لە بەیانی ئه‌مڕۆ لە دادگای مێردین بە ئامادەبوونی بکوژان کە دوو تاوانبارن، بەرێوه‌چوو.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه کەیسەکە لە لایەن دادوەر و دادگا زۆر گەورەیە و پێویستی بە بەڵگە و بەدواداچوونی زیاتر هەیە و لەسەر داوای پارێزەران، دادگا دانیشتنه‌كه‌ی بۆ 20ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دواخست.
حەربی جەلالەددین هەروەها دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە سەر کەیسەکە، تا ئەو کاتەی ئەو دەستانەی له پشت شەهیدکردنی دایک و براکەی و سێ لە ناسیاوەکانیانی بوون، ئاشكرا ده‌كرێن.
جەلالەددین دووپاتیكرده‌وه، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا، چەند ئاماژەیەک هەبوون كه ئەم تاوانه به رێكه‌وت ئه‌نجام نه‌دراوه، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراو بووه.
گوتیشی: "گەشبینین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا تاوانبارەکان خۆیان ئەو دەست و کەسانە ئاشکرا دەکەن کە لە پشت ئەم تاوانه بوونه".
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین‌ی باکووری کوردستان، پێنچ هاووڵاتی خەڵکی شاری دهۆک لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران. لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوونە تورکیا.
رووداوەکە لە سەر رێگەی سەرەکی نسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان رووی‌دابوو.
دوای رووداوەکە هێزه ئەمنییەکانی تورکیا پێنچ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووه، کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێی دیکەش هاوکارن .