ئوردن: بۆچی بێبەشکردنی غەزەییەکان لە خۆراک و دەرمان نابێتە تاوانی جەنگ؟

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفادی ئاماژەی بەوە کرد، کە بێبەشکردنی هاووڵاتيیانی مەدەنی کەرتی غەززە لە خۆراک و دەرمان لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک جەنگەکەی ئۆکراینا بە تاوانی جەنگ نابیندرێت.
لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی وەزارەتی دەرەوەی ئوردندا بڵاوکراوەتەوە، ئەیمەن سەفادی، سەرنجی خستووەتە سەر هەڵوێستەکان لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل – حەماس، کە لە 7ی تشرینی یەکەمدا دەستیپێکردووە.
بە بۆچوونی سەفادی، هەڵەوێستی دووفاقی هەیە لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و گوتوویەتی: "خەڵکەکەمان دەپرسن بۆچی کاتێک ئۆکراینییەکان بێبەش دەکرێن لە خۆراک و دەرمان ئەوە دەبێتە تاوانی جەنگ، بەڵام کاتێک غەزەییەکان بێبەش دەکرێن نابێتە تاوانی جەنگ؟ بۆچی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە ئۆکراینا و یوگۆسلاڤیا دەبێتە تاوانی جەنگ، بەڵام لە غەززە نابێتە تاوانی جەنگ؟".
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ 20/10/2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دەروازەی رەفەح رایگەیاند: "له غهززهوه دوو ملیۆن کەس ئازار دەچێژن، هیچ ئاو، کارەبا، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنییان نییە، لەژێر بۆردووماندان و پێویستیان بە هەموو ئەم شتانەیە، لێره له رهفهح چەندین بارهەڵگر پڕن لە ئاو، خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی و چاوەڕێ دەکرێت رێگەیان بدرێت بچنە غەززە".
هاوکات مارتین گریفیتس، هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 21/10/2023، یەکەمین کاروانی هاوکاری مرۆیی لە دەروازەی رەفەح بگاتە غەززە.
بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
بەگوێرەی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش 10 ههزاری تێپهڕاندووه.
دوێنێ ههینی 20ـی تشرینی یهكهمی 2023، وهزارهتی تهندروستی ئیسرائیل رایگهیاند، بههۆی جهنگ و ئاڵۆزییهكانی نێوان حهماس و ئیسرائیل، تا ئێستا 1400 ئیسرائیلی كوژراون و 4834 كهسیش برینداربوونه.