رێباز حەملان: ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەغدا 700 ملیار دینارەکە دەنێرێت

K24 - هەولێر
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە حکومەتی فیدراڵی 700 ملیار دیناری دیکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق لە دوای 20ـی مانگەوە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات. پێموایە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە 700 ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردێت و ئێمە بۆ مووچەی مانگی هەشت (ئاب) بەسەر مووچەخۆراندا دابەشی دەکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدای کرد.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێـی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد و تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش".
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو زانیاری و داتایانەی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشمان کرد لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جێگەی باوەڕبوو"
رۆژی 11ـی تشرینى یهكهمى 2023، پێشهوا ههورامانی، گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا سهبارهت به مووچهی مانگهكانی 10، 11 و 12ـی ئهمساڵ رایگهیاندبوو، بڕی ئهو 700 ملیار دینارهی كه له بهغداوه بهقهرز بۆ ههرێمی كوردستان دهنێردرێت، حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهو مانگانهی پێ پڕ دهكاتهوه كه مووچه به فهرمانبهران نهدراوه، واته مانگهكانی 7، 8 و 9ـی ئهمساڵ.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی داوەتە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە نادەستوورییە، بەڵکو لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکەن".